كه‌ركووك.. له‌ هێرشێكی داعشدا سه‌ربازێكی سوپای عێراق برینداربوو

دیمه‌نێكی شاری كه‌ركووك
دیمه‌نێكی شاری كه‌ركووك

K24 – هەولێر:

لە ئەنجامی هێرشێکی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا لە باشووری شاری کەرکووک، سەربازێکی سوپای عێراق برینداربوو.

له‌ راگەیەندراوێکی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئەمنی عێراق، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی کردووه‌تە ئامانج کە لە نزیک دۆڵی زه‌گه‌توون لە باشووری شاری کەرکووک له‌ ئه‌ركدابوو.

تیرۆریستانی داعش لە کاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکەدا، له‌ دووره‌وه‌ ئەو بۆمبانەیان ته‌قاندووه‌ته‌وه‌ کە پێشتر لە قه‌راغی رێگاکەدا چاندبوویان.

لە ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌كه‌دا سەربازێک برینداربوو. هه‌روه‌ها ئۆپەراسیۆنی كێوماڵكردنی بەرفراوان لە ناوچەکە دەستیپێکرد.

داعش لە ساڵی 2014دا دەستی بەسەر سەرجەم پارێزگاکانی مووسڵ، سەڵاحەددین، ئەنبار و بەشێک لە پارێزگاکانی دیالە و کەرکووکدا گرت. چه‌ندین ساڵی پێچوو تا ئه‌و پارێزگایانه‌ له‌ژێر چنگی رێكخراوه‌كه‌ ده‌رهێندران.