وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئێران و سعوودیه له تاران كۆبوونه‌وه
K24 - هەولێر:
له تاران حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له‌گه‌ڵ ، فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه كۆبووه‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی میدیا ئێرانییه‌كان، حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە پێشوازیی له فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان كرد کە لە چوارچێوەی سەردانێكی فەرمییدا، لە تارانە.
دوای رێوره‌سمی پێشوازییەكه، عەبدوڵڵاهیان و بن فه‌رحان کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵییان ئەنجامدا.
لەمیانی کۆنگرەیه‌كی رۆژنامەوانیدا عەبدوڵڵاهیان رایگەیاند، ئەو دانوستانانەی ئەمڕۆ ئەنجامیانداوه ته‌واوكه‌ری گفتوگۆكانی پێشوویانە لەگەڵ هاوتا سعوودییەکەی.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، وێڕای ئاماژەدان بەوەی لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە بابه‌تگه‌لێكی جۆراوجۆر کردووە، رایگه‌یاند: "هاوڕاین لەسەر دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی هاوبەشی سیاسی و ئابووری و سنوور، هه‌روه‌ها گرنگی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان و بوارەکانی دیکە. دوای په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن دەسەڵاتە باڵاکانی هەردوو وڵاته‌وه، رێككه‌وتنه‌كان ده‌كه‌ونه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه".
حوسێن ئه‌میر عەبدوڵڵاهیان ئاشكرایكرد، ئەوان لەسەر په‌ره‌دان به هاوکارییەکان هاوڕابوون و ئاماژەی بەوەدا لەسەر ئاسایشی ناوچەکە، هاوکاریی فرەلایەنەیان تاوتوێ کردووە.
عەبدوڵڵاهیان باسی له‌وه‌كرد، ئاسایشیان بە ته‌نها وه‌ك پرسێکی سەربازیی هه‌ڵنه‌سه‌نگاندووه، به‌ڵكو پێیانوایه ئاسایش چەمکێکه کە رەهەندی سیاسی، کولتووری، ئابووری و بازرگانی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا هەیە.
گوتیشی: "له کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆشدا تیشکخرایە سەر پێویستی هاوکاریی ئابووری و بازرگانی درێژه‌پێدراو، هه‌روه‌ها پێویستیی وەبەرهێنانی هاوبەش بەتایبەت لە کەرتی تایبەتدا له هەردوو وڵات. هاوڕابووین لەسەر هاوکارییه‌كان لە بوارەکانی گواستنەوە، گەشتیاریی، تەکنەلۆجیا و بواره‌كانی دیکە".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران باسی له‌وه‌شكرد راوێژیان سەبارەت بە پشتیوانییكردن لە گەلی فەڵەستین كردووه و گوتی: "كۆكبووین کە چارەسەرکردنی کێشەی فەڵه‌ستین پرسێکی بنەڕەتی و لە پێشینەیە لە روانگەی هاوبەشی جیهانی ئیسلامی و تاران و ریازدا".
لای خۆیه‌وه، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان خۆشحاڵی خۆی بە سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ تاران دەربڕی و ئاشكرایكرد، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ درێژەپێده‌ری دانوستانەکانی پێشووە.
فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان وێڕای بیرهێنانەوەی ئەوەی کە باڵیۆزخانەی ئێران لە ریاز كراوه‌ته‌وه، گوتی: "بەمنزیکانە باڵیۆزخانەکەمان لە تاران دەکرێتەوە. بابه‌تێكی گرنگە بۆ گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ رەوتی ئاسایی. هەردوو وڵات لە ناوچەکەدا گرنگن".
بن فه‌رحان هیوایخواست هاریكاریی نێوان هەردوو وڵات زیاتر بێت و رایگه‌یاند: "هیوادارین ئاساییكردنه‌وه‌ی پەیوەندییەکان بۆ دۆخی ئاسایی، رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر جیهانی ئیسلامی و جیهان هەبێت".
دوایین سەردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیە بۆ ئێران لە ساڵی 2006 بوو، كاتێك وەزیری ئه‌وكاتی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه، سعوود فه‌یسه‌ڵ سه‌ردانی ئێرانی كرد.
پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان سعوودیە و ئێران، دوای ئه‌وه پچڕا كه له كانوونی دووه‌می 2016دا سعوودیه 47 کەس و سه‌ركرده‌ی دیاری شیعه‌ی به تۆمه‌تی تیرۆر له سێداره‌دا.
ریاز و تاران کە لە ساڵی 2021دا بە میوانداریی عێراق و عوممان دەستیان بە دانوستانەکان كرد، لە 10ی ئاداردا به‌نێوه‌ندگیریی بەرپرسانی چین لە پەکین، رێككه‌وتبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لە ماوەی دوو مانگدا پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان دەستپێبکەنەوە.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و هاوتا سعوودییەکەی، فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان لە 6ی نیساندا لە پەکین کۆببوونەوە و رێككه‌وتبوون لەسەر کردنەوەی باڵیۆزخانەکانی هه‌ردوو وڵات، دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانیان و ئاسانکاریی له وەرگرتنی ڤیزه.
ئێران لە 23ی ئایاردا بڵاویكرده‌وه، جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاته‌كه‌ی، عەلی رەزا عینایەت، وەک باڵیۆزی ئێران له ریاز دەستنیشان کراوه.
لە 6ی حوزەیراندا باڵیۆزخانەی ئێران لە ریاز کرایەوە و لە 8ی حوزەیرانیشدا کونسوڵخانەی وڵاته‌كه له جددە کرایەوە.