دوای جەژنی قوربان باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران و کۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە مەشهەد دەکرێنەوە

ئاڵای سعوودیە و ئێران
ئاڵای سعوودیە و ئێران

K24 - هەولێر

باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران و کۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە شاری مەشهەد، دوای جەژنی قوربان دەکرێنەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی "ئەلوەتەن"ی سعوودی، باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران و کۆنسوڵخانەی سعوودیە لە مەشهەد دوای جەژنی قوربان دەکرێنەوە.

دەربارەی رۆژی دەستپێکی کارەکانی باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکەش هیچ بەروارێک نەخراوەتەڕوو.

فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە میانەی سەردانەکەی دوێنێیدا بۆ تارانی پایتەختی ئێران لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان دەربارەی ئەم بابەتە گفتوگۆی کردبوو.

دوای کۆبوونەوکەش بن فەرحان لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا ئاماژەی بەوە دا، دووبارە باڵیۆزخانەی ئێران لە سعوودیە کراوەتەوە، گوتیشی: "بەم نزیکانە لە تاران باڵیۆزخانەی وڵاتەکەمان دەکرێتەوە. ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بابەتێکی گرنگە. هەردوو وڵات لە ناوچەکەدا پێگەیەکی گرنگیان هەیە".

کۆتا سەردانی بەرپرسانی سعوودیە بۆ ئێران لەسەر ئاستی وەزیری دەرەوە، نزیکەی 17 ساڵ بەر لە ئێستا ئەنجامدرابوو.

پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوان سعوودیە و ئێران، دوای ئه‌وه‌ پچڕا كه‌ له‌ كانوونی دووه‌می 2016دا سعوودیه‌ 47 کەسی بە تۆمەتی "تیرۆر" له‌ سێداره‌ دا لە نێویاندا پیاوی ئایینی شیعه‌، نەمر نه‌مر، هەبوو.

ریاز و تاران کە لە ساڵی 2021دا بە میوانداریی عێراق و عومان دەستیان بە دانوستانەکان كردبوو، لە 10ی ئاداردا به‌نێوه‌ندگیریی بەرپرسانی چین لە پەکین، رێككه‌وتبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لە ماوەی دوو مانگدا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەستپێبکەنەوە.

هەروەها حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان، هاوتا سعوودییەکەی، لە 6ی نیساندا لە پەکین کۆببوونەوە و رێككه‌وتبوون لەسەر کردنەوەی باڵیۆزخانەکانی هه‌ردوو وڵات، دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانیان و ئاسانکاریی له‌ وەرگرتنی ڤیزه‌.

ئێران لە 23ی ئایاردا بڵاویكرده‌وه‌، جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاته‌كه‌ی، عەلی رەزا عینایەت، وەک باڵیۆزی ئێران له‌ ریاز دەستنیشان کراوه‌. لە 6ی حوزەیراندا باڵیۆزخانەی ئێران لە ریاز کرایەوە و لە 8ی حوزەیرانیشدا کونسوڵخانەی وڵاته‌كه‌ له‌ جددە کرایەوە.