گوتەبێژی کرملن: قورسە دەستپێشخەرییەکەی وڵاتانی ئەفریقا جێبەجێبکرێت
K24 - هەولێر
کرملن ئاشکرایکرد، قورسە دەستپێشخەریی ئاشتی وڵاتانی ئەفریقا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا جێبەجێبکرێت.
دمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرملن رایگەیاند، بەشێکی ئەو دەستپێشخەریانەی لەلایەن وڵاتانی ئەفریقییەوە پێشنیازکراون، لەگەڵ هەڵوێستی رووسیا ناگونجێن، هەر بۆیەش قورسە دەستپێشخەرییەکای وڵاتانی ئەفریقی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا جێبەجێبکرێت.
گوتەبێژی کۆشکی کرملن ئاماژەی بەوەشدا، لەکاتی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەفریقی لەگەڵ پوتن، هیچ پەیامێکی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکیان بۆ پوتن نەهێناوە.
سەرکردەی حەوت وڵاتی ئەفریقا دوای کۆبوونەوەیان، لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیاش کۆبوونەوە و دەستپێشخەری ئاشتییان بۆ چارەسەری قەیرانی ئۆکرانیا پێشکەشکرد.