ئەردۆغان: ئەمساڵ هەناردەی تورکیا بۆ 265 ملیار دۆلار بەرز دەکەینەوە
K24 - هەولێر
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: ئامانجمان ئەوەیە کە هەناردەی تورکیا تا کۆتایی ئەمساڵ بۆ 265 ملیار دۆلار بەرز بکەینەوە، هەروەها لە ساڵی داهاتووشدا بۆ 285 ملیار دۆلار بەرز بکەینەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە وتارێکیدا، لە سییەمین کۆبوونەوەی گشتیی کۆڕبەندی هەناردەکارانی تورکیادا گوتی: حکومەتی تورکیا هەوڵدەدات پشکی بەرهەمە ئەلیکترۆنیەکان لە هەناردەکردنی وڵاتدا بۆ زیاتر لە سەدا 10 بەرز بکاتەوە، دەشڵێت، کار دەکەین بۆ گەیشتن بە هەناردەکردنی زیاتر لە 400 ملیار دۆلار بۆ ساڵی 2028.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، ئابووری وڵاتەکەمان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا گەشەی لەسەدا 4ی بەخۆیەوە بینی، پێوەرەکانی گەشەی پیشەسازی تورکیا کە لە مانگی شوباتدا دابەزیبوو، بەڵام بە خێرایی چاکبووەوە و لە مانگی ئاداردا گەشەی ئابووری بووە 5.5%.
روونیشی کردەوە، کە داتاکانی دوو مانگی رابردوو گەشەی ئابووری تورکیا لە چارەکی دووەمی ساڵی 2023 نیشان دەدەن، هەروەها ئامارەکانی پەیوەست بە گەشەی ئابووری و هەناردەکردن دەریدەخەن کە ئابووری تورکیا خێراتر لە پێشبینییەکانی گوشەی سەندووە، دوای بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات، خەریکە دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەردۆغان جەختی لە گرنگی کەرتی گەشتیاری تەندروستی کردەوە و گوتی: هیوادارین لە ساڵی 2023دا، دوو ملیۆن گەشتیار بێنە وڵاتەکەمان و سێ ملیار دۆلاریش لەو بوارەدا هەناردە بکرێت.
