سوودانی و پلاسخارت جەخت لەسەر به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان دەکەنەوە
K24 – هەولێر:
محەممەد شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و جێنین پلاسخارت، نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق، لەسەر پرسی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م ئابووری و گۆڕانی كه‌شوهه‌وا کۆبوونەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە (19ــی حوزەیرانی 2023)، نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بڵاویكردووه‌ته‌وه، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و جێنین پلاسخارت نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق دووپاتیان له ره‌خساندنی كه‌شوهه‌وای له‌بار و گونجاو بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان كردووه‌ته‌وه.
ئاماژه به‌وه‌شكراوه، هه‌ردوولا كۆكبوون له‌سه‌ر پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ شوێنه‌كانی پێشوویان و له‌م باره‌یه‌وه رۆڵی زیاتری رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له چاره‌سه‌ری دۆسیه بنه‌ڕه‌تییه‌كان به‌گرنگ له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.
ئەمڕۆ (19ــی حوزەیرانی 2023)، كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكردووه، به‌مه‌به‌ستی تۆماركردنی ناوی هاوپه‌یمانێتی نوێ و هێزه سیاسییه‌كان بۆ به‌شدارییان هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له عێراق، له 1ی ته‌ممووز تاوه‌كو 30ی ته‌ممووزی ئه‌مساڵ ده‌رگای خۆتۆماركردن ده‌كرێته‌وه.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، پێشتر كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنكانی عێراق داوای له هاووڵاتیان كردبوو سه‌ردانی بنكه‌كانی كۆمیسیۆن له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات بكه‌ن بۆ نوێكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان و وه‌رگرتنه‌وه‌ی كارته‌كانی ده‌نگدانیان.
رێککەوتی (20ـی ئاداری 2023)، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەک رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەندکرد.
هەروەها پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر ماددەی 15 و 16ی هەمواری یاسای هەڵبژاردندا، بەگوێرەی ماددەی 15، 320 کورسی بەسەر پارێزگاکان دابەشدەکرێت، نۆ کورسیش بەسەر کۆتاکاندا بەمشێوەیە دابەشدەکرێت مەسیحی 5 کورسی لە هەریەکە لە پارێزگاکانی بەغدا،هەولێر، دهۆک و نەینەوا.
سابیئەی مەندائی یەک کورسی لەپارێزگای بەغدا، کوردی فەیلی لە پارێزگای واست یەک کورسی، شەبەک یەک کورسی پارێزگای نەینەوا، ئێزیدی یەک کورسی لە پارێزگای نەینەوا.
بەپێی هەموارەکە، ئەو پارێزگایانەی کۆتاکانیان بەسەردا دابەشکراوە بە یەک بازنە هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن. هەروەها پەرلەمان دەنگی لەسەر ماددەی 16 ی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان، ئەویش جیاکردنەوەی دەنگەکانە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی و بەدەست، واتە لە هەمان وێستگەی دەنگدان جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەستیش ئەنجامدەدەرێت.
سەرەتای مانگی رابردووش، جومانه غه‌لای، گوته‌بێژی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، ده‌ستیان به ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی سیستمی تایبه‌ت به نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران و ئاماده‌كردنی به‌رنامه‌یه‌ك بۆ تۆماركردنی حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان و كاندیده‌كانیان كردووه.
سەبارەت بە واده‌ی هەڵبژاردنیش گوتی: بەپێی ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا هاتووە، دوا واده بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه نابێت له 20ی کانوونی یەکەمی ئه‌مساڵ تێپه‌ڕێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش کۆمیسیۆن رێوشوێنی پێشوەختەی گرتووه‌ته‌به‌ر.
هەروەها كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژماره‌یه‌ك لیژنه‌ی ته‌كنیكیی بۆ دابینكردنی ئامێری تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردن و ئیداره‌دانی پرۆسه‌كه پێكهێناوه و دا‌واشیان له وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران كردووه، ناوی ئاواره‌كان و زانیاری كه‌سییان له سه‌رجه‌م پارێزگاكان بۆیان ره‌وانه بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی مافی ده‌نگدانیان نه‌فه‌وتێت.
لەماوەی رابردوودا لە بەغدا و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراق خۆپیشاندان دژ بە هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە ئەنجامدرا و خۆپیشانده‌ران داوایان کرد سیستمی سانت لیگۆ هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه و بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ یاسای ساڵی 2019 و جه‌ختیان له‌وه کردەوە جێبه‌جێكردنی سیستمی سانت لیگۆ ده‌بێته هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی عێراق بۆ چوارچێوه‌ی یه‌كه‌م و دووباره سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ناكۆكی و پشێوییه‌كان له‌وڵاتدا، ئەویش بەهۆی مانەوەی هێزە گەورەکان و رێگریکردن لە هاتنە پێشەوەی هێزی نوێ.