نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە سوودان هەڵاتوون

ئاوارەبوونی سوودانیەکان
ئاوارەبوونی سوودانیەکان

K24 - هەولێر

کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند، ئەوانەی لەبەر شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان هەڵاتوون، 500 هەزارکەسی تێپەڕاندووە، هەروەها ئاوارەی ناوخۆش گەیشتووەتە دوو ملیۆن کەس.

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ی حوزەیرانی2023، فیلیپۆ گراندی، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە نایرۆبی گوتی: لە دوای دەستپێکی شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە نیو ملیۆن پەنابەر هەڵاتوون، هەروەها ئاوارەی ناوخۆش گەیشتووەتە دوو ملیۆن کەس.

گراندی گوتیشی: ئەگەر ئەو تفەنگانە بێدەنگ نەکەین، ئەوە گەلی سوودانی بەردەوم دەبن لەئاوارە بوون.

کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان، لە رۆژی جیهانی پەنابەراندا جەختی لەوەکردەوە، بەیانی بەخشەرەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 1.5 ملیار دۆلار پێشکەشدەکەن، بۆ سووک کردنی ئەو قەیرانە مرۆییەی لە سوودان و وڵاتانی دەورووبەری سوودان هەیە بەهۆی ئەو پەنابەرانەی لە شەڕ هەڵاتوون.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە کۆنفرابسی بەخشەرەکاندا گوتی: قەبارە و خێرایی مردنەکان لە سوودان بێ وێنەیە.

لە 15ی نیسان، شەڕ و پێکدادانەکان لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەری هەڵداوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار کەس کوژراوە و بە هەزارانیش برینداربوون.

Fly Erbil Advertisment