ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی دیاریکرد

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە (20ـی حوزەیرانی 2023)، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دیاریکرد.

لە راگەیەندراوێکدا، حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، پابەندبوونە بە کارنامەی حکومەت کە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو، لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەیەکە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و لەلایەن حکومەتی عێراقیشەوە، بودجەی پێویستی بۆ تەرخانکراوە.

هەر ئەمڕۆ (20ـی حوزەیرانی 2023) ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا جەختی لە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان کردەوە.

هەروەها رۆژی (19ــی حوزەیرانی 2023)، كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكردووه‌، به‌مه‌به‌ستی تۆماركردنی ناوی هاوپه‌یمانێتی نوێ و هێزه‌ سیاسییه‌كان بۆ به‌شدارییان هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ عێراق، له‌ 1ی ته‌ممووز تاوه‌كو 30ی ته‌ممووزی ئه‌مساڵ ده‌رگای خۆتۆماركردن ده‌كرێته‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، پێشتر كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنكانی عێراق داوای له‌ هاووڵاتیان كردبوو سه‌ردانی بنكه‌كانی كۆمیسیۆن له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات بكه‌ن بۆ نوێكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان و وه‌رگرتنه‌وه‌ی كارته‌كانی ده‌نگدانیان.

رۆژی (20ـی ئاداری 2023)، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەک رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەندکرد.

هەروەها پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر ماددەی 15 و 16ی هەمواری یاسای هەڵبژاردندا، بەگوێرەی ماددەی 15، 320 کورسی بەسەر پارێزگاکان دابەشدەکرێت، نۆ کورسیش بەسەر کۆتاکاندا بەمشێوەیە دابەشدەکرێت مەسیحی 5 کورسی لە هەریەکە لە پارێزگاکانی بەغدا،هەولێر، دهۆک  و نەینەوا.

سابیئەی مەندائی یەک کورسی لەپارێزگای بەغدا، کوردی فەیلی لە پارێزگای واست یەک کورسی، شەبەک یەک کورسی پارێزگای نەینەوا، ئێزیدی یەک کورسی لە پارێزگای نەینەوا.

بەپێی هەموارەکە، ئەو پارێزگایانەی کۆتاکانیان بەسەردا دابەشکراوە بە یەک بازنە هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن. هەروەها پەرلەمان دەنگی لەسەر ماددەی 16 ی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان، ئەویش جیاکردنەوەی دەنگەکانە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی و بەدەست، واتە لە هەمان وێستگەی دەنگدان جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەستیش ئەنجامدەدەرێت.

سەرەتای مانگی رابردووش، جومانه‌ غه‌لای، گوته‌بێژی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، ده‌ستیان به‌ ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی سیستمی تایبه‌ت به‌ نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران و ئاماده‌كردنی به‌رنامه‌یه‌ك بۆ تۆماركردنی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و كاندیده‌كانیان كردووه‌.

سەبارەت بە واده‌ی هەڵبژاردنیش گوتی: بەپێی ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا هاتووە، دوا واده‌ بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه‌ نابێت له‌ 20ی کانوونی یەکەمی ئه‌مساڵ تێپه‌ڕێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش کۆمیسیۆن رێوشوێنی پێشوەختەی گرتووه‌ته‌به‌ر.

هەروەها كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژماره‌یه‌ك لیژنه‌ی ته‌كنیكیی بۆ دابینكردنی ئامێری تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن و ئیداره‌دانی پرۆسه‌كه‌ پێكهێناوه‌ و داواشیان له‌ وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران كردووه‌، ناوی ئاواره‌كان و زانیاری كه‌سییان له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكان بۆیان ره‌وانه‌ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی مافی ده‌نگدانیان نه‌فه‌وتێت.