سەیرترین دیاری سەرکردەکان

K24 - هەولێر:

ئاڵوگۆڕی دیاری لە نێوان سەرکردەکانی جیهان لە ئامرازەکانی نیشاندانی نیازپاکی و پەرۆشی بنیاتنانی پەیوەندی دیپلۆماسی و دۆستایەتی لە نێوان وڵاتاندایە.

بەشێك لەو دیاریانەی بە سەرکردە و پاشای وڵاتان دراون، هێندە سەیر و جیاواز بوون، لە دووتوێی کتێب و نووسراوە مێژووییەکاندا ئاماژەیان پێدراوە و تا ئێستا لەبیر نەکراون، کە ئەمانەش هەندێکیانن:

- ساڵی 1785 پاشای ئیسپانیا گوێدرێژێکی بە جۆرج واشنتۆن سەرۆکی ئەمەریکا بەخشی

- ساڵی 1862 پاشای سیام (تایلاندی ئێستا) کۆمەڵێک فیلی بە ئەبراهام لینکۆڵن سەرۆکی ئەمەریکا دا

- ساڵی 1897 خدیڤ ئیسماعیل، فەرمانڕەوای میسر، ئۆبێلیسکێکی فیرعەونی بە دیاری بەخشییە ئەمەریکا.

- ساڵی 1997حەیدەر عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان فەرشێکی پێشکەش بە بیڵ کلینتۆن، سەرۆکی ئەمەریکا کرد کە وێنەی کلینتۆن و هیلاری هاوسەری لەسەر بوو.

- ساڵی 2002 جاک شیراک، سەرۆکی فەرەنسا ئەسپێکی عەرەبی رەسەنی سپی بە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا دا

- ساڵی 2003 نێستۆر کیرشنەر، سەرۆکی ئەرجەنتین 300 تۆن گۆشتی مەڕی دا بە جۆرج بوشی کوڕ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا.

- ساڵی 2013 حکومەتی مالی حوشترێکیان بەخشیە فرانسۆ ئۆلاند، سەرۆکی فەرەنسا، بەڵام بەهۆی رێکارەکانی تەندروستی، ئۆلاند نەیتوانی بیباتەوە فەرەنسا و ناچار بوو لەلای خێزانێک بەجێیبهێڵێت، بەڵام دواتر خێزانەکە  حوشترەکەیان خوارد.

-  نوێترین دیاری سەرکردەکانیش

ئیمێرسۆن منانگاگوا، سەرۆکی زیمبابۆی شێرێکی مۆمیاکراوی بەخشیە ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلارووس، لە بەرانبەریشدا لوکاشینکۆ تراکتۆرێکی کشتوکاڵی پێبەخشی.