سەرۆک کۆماری عێراق یاسای بودجەی گشتی واژۆ کرد

لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق
لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق

K24 - هەولێر:

لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق یاسای بودجەی گشتی ساڵەکانی (2023، 2024، 2025) واژۆ کرد.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایگەیاند، لەتیف رەشید یاسای بودجەی عێراقی واژۆ کرد.

سەرۆک کۆماری عێراق جەختی کردەوە لەوەی، پەسەندکردنی بودجە خاڵی وەرچەرخانی حکومەتە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکەی، کە بریتییە لە دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان، دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە، نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و دەستکردن بە پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی کە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر واقیعی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان دەبێت.

یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) لە 78 ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ ساڵی دارایی 2023 خەمڵێندراوە، کە داهاتی گشتی عێراقیش بۆ ئەو ساڵە بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار داندراوە، بەمپێیەش 64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار دینار کورتهێنان لە بودجەدا هەیە.

لە یاساکەدا، زۆرترین داهاتی بودجەی گشتی عێراق پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستووە کە لە رۆژێکدا دەبێت سێ ملیۆن 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بکات بە 400 هەزار بەرمیلەکەی هەرێمی کوردستانیشەوە، کە نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە. هەروەها بەهای 100 دۆلاریش بە 130 هەزار دینار جێگیرکراوە.

بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەدا هەیە، حکومەتی عێراق پشت بە قەرز و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت، هەروەها ئەگەر نرخی نەوتیش بە زیاتر فرۆشرا، ئەوا رێژەی 70%ـی بڕی داهاتەکە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان تەرخاندەکرێت.