خالید ئەلدەبونی: نابێت رەشنووسی لێبوردنی گشتی تێکەڵ بە یاری سیاسی بکرێت

خالید ئەلدەبونی
خالید ئەلدەبونی

K24 - هەولێر

خالید ئەلدەبونی گوتەبێژی بەرەی رزگاری و گەشەپێدان، بە کوردستان24ی راگەیاند، لە راستیدا یاسای لێبووردنی گشتی ئەنجامی رێککەوتنی سیاسی بوو، کە لەنێوان هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا ئەنجام درا، هەروەها دەنگی لەسەر درا بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی سوودانی.

ئاماژەی بەوەشکرد: لێژنەیەک لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق پێکهێنراوە، بۆ ئەوەی رەشنووسی ئەم یاسایە ئامادە بکرێت، بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کاری حکومەتەوە، دەشڵێت: بروام وایە ئامادەکردنی رەشنسووکە لەبەر جەژن دوادەخرێت، بەتایبەتی کە هەندێک لەوەزیرەکان دەچنە حەج، بەشێوەیەکی گشتی کە رێککەوتنەکە روویدا لە چوارچێوەی ئیدارەی دەوڵەتدا روویدا.

ئەلدەبونی روونیشیکردەوە: ئێمە دەزانین چۆن پڕۆژە یاسایی بودجە بەرێکەوتن تێپەڕی، بۆیە دەترسین هەمان شت دووبارە بێتەوە، بەتایبەتی لەبواری ئامادەکردنی رەشنوسی لێبووردنی گشتی، لەبەر ئەوەی ئەم یاساییە بەلای گەلی عێراقەوە گرنگە، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە سوونەکانی لێ نیشتەجێن، ئێمە ئێستا باسی ئەوە دەکەین کە ئێستا 60 هەزار کەس لە زیندانەکاندان، هەروەها دەیان هەزارکەس سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

گوتەبێژی بەرەی رزگاری و گەشەپێدان جەختی لەوەکردەوە، بێگومان ئێستا دۆخێکی جیاوازمان هەیە، ئەوکاتەی ئەو سزایانە دەرکراون کە ئاسایشی عێراق باش نەبووە، ئێمە بروامان وایە ئێستا ئەو زیندانیانە دەبێت دووبارە دادگایی بکرێنەوە و پێویست ناکات تێکەڵ بەیاری سیاسی بکرێن.

دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەین تۆمەتباران لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و سزا بدرێن بەڵام بەشێکی زۆریان ئەوسزایانەی دەرکراون روونیان تێدا نەبووە، تاوەکو ئێستا زۆربەی ماددەکانی یاساکە لای ئێمە روون نیە.

گوتیشی: دەبێت لانیکەم پێداچوونەوە بە کەیسەکان بکرێت چونکە، هەموویان تاوانبار و تیرۆریست نین، دەزانین بەهەزاران زیندانی بێ تاوانن کە لەزیندانەکانی عێراق گیراون.