رووسیا: زانیاریمان هەیە ئەمەریکا لە سووریا خۆی بەهێز دەکات
K24 - هەولێر
نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ سووریا ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ رایگەیاند، مۆسکۆ زانیاری هەیە لەسەر ئەوەی ئەمەریکا هێزە سەربازییەکانی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەهێز دەکات.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ سووریا لە لێدوانێکیدا بە تەلەفزیۆنی RT رووسی راگەیاند: دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا بەردەوامن لە کارکردن لەگەڵ توندڕەوەکان لە سووریا بۆ کردەوەی تیرۆریستی زیاتر لە خاکی سووریا، هەروەها لەوانەیە پەیوەندی راستەوخۆی هەبێت بە هەوڵدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخەکە و رووبەڕووبوونەوەی چەکداری.
نوێنەرەکەی رووسیا گوتیشی: سووریا و تورکیا و ئێران رێککەوتوون لەسەر نەخشە رێگایەک کە لەلایەن مۆسکۆوە ئامادەکراوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "هەموو لایەنەکان بە شێوەیەکی گشتی رێککەوتن لەسەر دانانی نەخشەی رێگا بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاساییکردنەوە، هەروەها بۆچوون و پێشنیارەکانیان دەربڕی و ئێستا پێویستە هەماهەنگی بکرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم نەخشەیە".
لاڤرێنتیڤ دەشڵێت: ئەم پرۆسەیە کاتێکی زۆری دەوێت و جەختی لەوە کردەوە کە "گرنگترین شت ئەوەیە پرۆسەی ئاساییکردنەوە بەرەو پێشەوە بڕوات".