باسم ئەلعەوادی: دوای جەژن راپۆڕتی شەش مانگی کارەکانی حکومەت دەدرێتە پەرلەمان
K24 - هەولێر
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، راپۆرتی نیوەی ساڵانەی حکومەت دوای جەژن رەوانەی پەرلەمان دەکرێت، ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەو دەستکەوتانەی لە راپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێکراوە بەبێ بودجەیەکی زۆر ئەنجامدراون.
لە راگەیەندراوێکدا باسم ئەلعەوادی گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، "راپۆرتی نیوەی ساڵانەی حکومەتی عێراق کە سەرجەم بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و خاڵە گرنگەکانی بەرنامەی حکومەتی لەخۆگرتووە"، دوای پشووی جەژنی قوربان دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەندامانی ئەنجومەن لەوەی حکومەت چ کارێکی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "راپۆرتەکە ورژاندنی هەموو پرسەکانی بە شێوەیەکی ئاشکرا لەخۆگرتووە، وەزیرەکانیش ماوەیەکی زۆریان هەبوو بۆ پاساو هێنانەوە بۆئەوەی ئەو شتانە بە ئەنجام نەگەیشتوون یان تەواو نەبوون، ئاماژەی بەوەشکرد "هەڵسەنگاندنی کۆتایی راپۆرتەکەش لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا بە قۆناغ تەواو بووە.
ئەلعەواد، راشیگەیاند "لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا راپۆرتێکی ساڵانە دەردەکرێت کە وردەکاری فراوانتر لەخۆدەگرێت"، هەروەها ئامانج لە دەرکردنی راپۆرتەکە ئەوەیە کە حکومەتی ئێستا حکومەتێکی خزمەتگوزاری نیشتمانییە".