زیلێنسکی: دەسەڵاتی ڤلادیمێر پوتن لاوازە
K24 - هەولێر
ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، دۆخی شەڕی ئۆکرانیا و رووسیا و هەروەها پێشهاتەکانی ئەم دواییەی رووسیایان تاوتوێ کردووە.
زیلێنسکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی، لەگەڵ بایدن باسیان لە فراوانکردنی هاوکارییەکانی بەرگری و گرنگیدان بە چەکی دوور مەودا کردووە، جەختیشی لە گرنگی بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا کردووە.
سەرۆکی ئۆکرانیا، گوتیشی: رووداوەکانی رۆژی شەممەی رووسیا، لاوازی دەسەڵاتی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیای ئاشکرا کرد، هەروەها داوای گوشاری جیهانی بۆ سەر رووسیا کرد.
لەلایەکی دیکە و لە راگەیەندراوێکدا کۆشکی سپی رایگەیاند، بایدن هاوتا ئۆکرانییەکەی دڵنیای کردووەتەوە لە پاڵپشتی واشنتن بۆ کیێڤ، لەوانەش لە رێگەی بەردەوامی هاوکارییە ئەمنی و ئابووری و مرۆییەکانەوە، لە راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوو سەرۆک باسیان لە هێرشی پێچەوانەی سوپای ئۆکرانیا کردووە بۆ سەر هێزەکانی رووسیا.
هاوکات ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ، وەزیری بەرگری ئۆکرانیا رایگەیاند، لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی لۆید ئۆستن باسیان لە رووداوەکانی ئەم دواییەی رووسیا کردووە، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی رووسیا لاوازن.