عەدنان کینانی: ئەمەریکا پلانی هەیە فەڵەستینەکان لە عێراق نیشتەجێ بکات
K24 - هەولێر
شارەزایەکی ئەمنی عێراقی، هۆشداریدا لە پڕۆژەیەکی ئەمەریکا کە ئامانجی جێبەجێکردنی رێککەوتنی سەدەیە، ئەویش نیشتەجێکردنی فەڵەستینیەکانە لە عێراق، جگە لە عێراق لە دوو وڵاتی دیکەی عەرەبیشدا نیشتەجێیان دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 26ی حوزەیرانی 2023، عەمید عەدنان کینانی، شارەزاییەکی ئەمنی خانەنشینکراوە، بە ماڵپەڕی مەعلومەی راگەیاند، "ئەمەریکا لە عێراق و سووریادا ئامادەیە و لە رێگەی دەروازەی سنووری جەریشانەوە لەگەڵ کوێت جوڵە دەکات بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل".
کینانی گوتیشی "ئەمەریکا سەرکردایەتی پلانێک دەکات بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی سەدە، لەکاتێکدا هێزەکانی لە ناوچەی رۆژئاوا و ئەودیوی سنوورە کراوەکاندا دەجوڵێنێت، بۆ دەستکاریکردنی بیابانی رۆژئاوا، چونکە مەبەست لێی ئەوەیە لە رێگەی پلانێکەوە فەڵەستینییەکانی عێراق و ئوردن و میسر لە ناوچە داگیرکراوەکانەوە رابکێشێتە ئەو ناوچانەوە".
جەختیشی کردەوە: "پەیوەندییەکی باش هەیە کە لەم ماوەیەی دواییدا پەرەی سەندووە لەنێوان ئەو سێ وڵاتەدا، ئەمەش پەسەندکردنی پڕۆژەی رێککەوتنی سەدە لەسەر ئەو وڵاتانە پشتڕاست دەکاتەوە، لەکاتێکدا ئەمەریکا هەوڵدەدات نزیکەی دوو ملیۆن و 400 هەزار فەڵەستینی نیشتەجێ بکات لە بیابانی سینا، هەروەها ملیۆنێک 200 هەزار فەڵەستینی دیکە لە دۆڵی ئوردن، وە ملیۆنێک و 200 فەڵەستینی تر لە بیابانی رۆژئاوای عێراق.
کینانی روونیشی کردەوە: "سندووقێک هەیە کە لەژێر ناوی سندووقی نیشتەجێکردنی فەلەستین دامەزراوە، بە مەبەستی راکێشانی پارە لە وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی بۆ دابینکردنی دارایی و پاڵپشتیکردنی ئەو فەڵەستینیانەی کە لە وڵاتانەدا نیشتەجێ دەکرێن".