خۆپیشاندانەکانی ئیسرائیل بەردەوامە  

خۆپیشاندانەکانی ئیسرائیل
خۆپیشاندانەکانی ئیسرائیل

K24 - هەولێر

ئێوارەی رۆژی شەممە، دەیان هەزار ئیسرائیلی، بۆ بیست و حەفتەمین هەفتەی لەسەریەک، لە ناوەندی شاری تەلئەبیب و شارەکانی دیکەی ئیسرائیل خۆپیشاندانیان کرد، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە چاکسازییەکی دادوەری، کە حکومەت دەیەوێت تێپەڕێنێت.

بەپێی ئاماری رێکخەرانی خۆپیشاندەران، ژمارەی خۆپیشاندەران زیادی کردووە، گوتیشی: 180 هەزار خۆپیشاندەر لە تەلئەبیب خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە.

نەیارانی چاکسازی لە مانگی یەکەوە هەموو ئێوارەیەکی شەممە خۆپیشاندان دەکەن، ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی مێژووی ئیسرائیل.

لای خۆیەوە میدیای ئیسرائیلی ژمارەی خۆپیشاندەرانی بە 150 هەزار کەس مەزەندە کردووە، کە بەراورد بە هەفتەکانی پێشوو زیادی کردووە، لە کاتێکدا کنێست رۆژی دووشەممە تاوتوێی بڕگەیەکی گرنگی چاکسازیی دادوەری دەکات.

حکومەتی ناتانیاهۆ کە لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا بە بەشداریی لایەنە راستڕەوە توندڕەوەکان و لایەنە توندڕەوەکانی ئایینی، هەوڵدەدات چاکسازیی دادوەری بە ئامانجی بەهێزکردنی دەسەڵاتەکانی کنێست لەسەر حیسابی دەسەڵاتی دادوەری تێپەڕێنێت.

حکومەت پێی وایە چاکسازی پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی هاوسەنگییەکی باشتر لە نێوان هێزەکاندا، بەڵام نەیارانی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دیموکراسی ئیسرائیل و گەرەنتییە دامەزراوەییەکانی دەبینن.