حکومەتی عێراق فشار دەخاتە سەر ئەمەریکا بۆ دوورخستنەوەی دۆسیەی کارەبا لە سیاسەت

وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق
وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق

K24 - هەولێر

لیژنەی کارەبا و وزە لە پەرلەمانی عێراق، داوای کردووە حکومەتی عێراق فشار بخاتە سەر ئەمەریکا، بەوەی دۆسیەی وزە لە حساباتی سیاسی دووربخاتەوە.

محەممەد نووری، سەرۆکی لیژنەی کارەبا و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، عێراق هەموو پابەندبوونە داراییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و هەموو ئەو پارەیەی بۆ ئێران خەرج کردووە کە لەلای بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە حکومەتی عێراقی دەکەین ڕۆڵی خۆیی ببینێت، لەرێگەی وەزارەتی دەرەوە و لەرێگەی دیپلۆماسی، فشار بخاتە سەر ئەمەریکا، کە عێراق و گەلەکەی دووربخاتەوە لە ململانێ سیاسیەکان.

رۆژی یەکشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، ئەمەریکای تۆمەتبارکرد بە قەیرانی کارەبا و داوای لە حکومەتی عێراق کرد کە مامەڵە لەگەڵ لایەنی ئەمەریکادا بکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی هاوردەکردنی گازی ئێران و بەکارنەهێنانی ئەو دۆسیەیە بە شێوەیەکی سیاسی.

لە 26ی حوزەیرانی 2023، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەحمەد موسا، رایگەیاند، هەموو پارەی گازی ئێرانی دراوە و ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو پارەیە لە سندوقی قەرز لە بانکی بازرگانی عێراق دانراوە.

دانیشتوانی عێراق چەندین ساڵە خۆپیشاندان دەکەن دژ بە کەمکردنەوەی کارەبا، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا، کاتێک پلەی گەرما دەگاتە 50 پلەی سیلیزی.