گۆرانیبێژێکی ئێرانی سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا
K24 - هەولێر
دەسەڵاتی دادوەری ئێران سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر تۆماج ساڵحی ڕاپەردا سەپاندووە، کە بە گوتەی پارێزەرەکەی، بە تۆمەتی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژی دەسەڵاتداران دەستگیرکراوە.
پارێزەرەکەی تۆماج ساڵحی، بە رۆژنامەی "شەرق"ی راگەیاند، ساڵحی لە سزای لە سێدارەدان رزگاری بووە و سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، هەروەها سزادانی ساڵحی بە تۆمەتی گەندەڵی لەسەر زەوی سزا دراوە، کە تۆمەتێکی فرە تاوانە و دەتوانێت سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێندرێت.
راپەرە ئێرانییەکە، لە گۆرانییەکانیدا پشتیوانی خۆی بۆ ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری ئێران دەربڕیووە، کە خۆپسێاندانەکان بەهۆی گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی تەمەن 22 ساڵی کورد ئەنجامدرا.
تۆماج ساڵحی بەهۆی ئەو بەرهەمانەی کە دەربڕینی ئازاری هەژاران و ئەو گروپانەی بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی رابردوودا کردووە، ناو و ناوبانگێکی بەرفراوان بەدەستهێناوە، هەروەها لە گۆرانییەکانیدا رەخنەی توندی ئاراستەی میدیا و رۆژنامەنووسان و چالاکوانان و هونەرمەندانی پشتیوانی لە دامەزراوەی دەسەڵاتدار کردووە.
رۆژنامەی "ئیعتیماد" لە زاری پارێزەر رەزا ئیعتیماد ئەنساری بڵاویکردەوە، دادگا ساڵحی بە سوکایەتیکردن بە عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران و هاوکاریکردن لەگەڵ حکومەتە دوژمنکارەکان بێتاوان دەرکردووە و لە زیندانی تاکەکەسیەوە بۆ بەشی زیندانیانی بە کۆمەڵ گواستراوەتەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، پارێزەرەکەی ئاماژەی بەوەدا کە ساڵحی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە هەر چالاکیەکی میوزیکی قەدەغە دەکرێت، لە مانگی نۆڤەمبەردا دەسەڵاتی دادوەری ئێران ساڵحی بە پڕوپاگەندە دژی سیستەمی سیاسی، زیانگەیاندن بە ئاسایشی وڵات و هاندانی توندوتیژی تۆمەتبار کرد، لەم دواییانەدا هونەرمەندانی بیانی پاڵپشتی خۆیان بۆ ساڵحی دەربڕی و ترسیان لە لەسێدارەدانی ساڵحی دەربڕیبوو.
خانەوادەکەی ساڵحی دەڵێن، لە رۆژی دەستگیرکردنەکەیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێیدراوە، بەو هۆیەوە دەست و پەنجەکانی و بڕبڕەی پشتی شکاوە و چاوێکیشی لەدەستداوە.
لە ئەنجامی سەرکوتکردنی دەسەڵاتداران بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان بە سەدان کەس کوژراون. هەروەها دەیان کەس لە "بەسیج" بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە گیانیان لەدەستدا.
غوڵام حوسێن موحسینی، سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران، مانگی رابردوو رایگەیاند، دەسەڵاتداران زیاتر لە 20 هەزار کەسیان دەستگیرکردووە، حەوت کەسیان لە کەیسەکانی پەیوەست بە ناڕەزایەتییەکان لە سێدارە دراون.
ناڕەزایەتییەکان لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمدا سەری هەڵدا، بە سەدان کەس کوژران و بریندار بوون، هەروەها لەدەستگیرکراوەکانیش چەند کەسێکیان لەسێدارەدراون.