زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان بێکارن

K24 - هەولێر

دامەزراوەی ئاماری تورکیا، داتاکانی مانگی ئایاری ئەمساڵی بێکاری لە تورکیا و باکووری کوردستانی بڵاوکردەوە، لە مانگی ئایاردا بێکاری بە رێژەی 0.5 خاڵ کەمیکردووە و گەیشتووەتە 9.5%، ژمارەی ئەو کەسانەی بێکارن بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن و 300 هەزار کەس دابەزیوە.

وەک ئاماژەی پێکراوە، ژمارەی بێکاران لە مانگی ئایاردا بە بەراورد بە مانگی نیسان 193 هەزار کەس کەمیکردووە و بووەتە 3 ملیۆن و 328 هەزار کەس.

رێژەی بێکاری لەنێوان ئەو گەنجانەی کە تەمەنی 15-24 ساڵە لەسەدا 17% بووە و بە بەراورد بە مانگی پێشوو بە رێژەی 1.6 کەمیکردووە. رێژەی بێکاری لەو تەمەنە بەپێی خەمڵاندنەکان لەسەدا 14.3 بۆ پیاوان و لەسەدا 22.3 بۆ ژنان بووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە تورکیا دامەزراون، بە بەراورد بە مانگی پێشوو 63 هەزار کەس زیادیکردووە و بووەتە 31 ملیۆن و 716 هەزار کەس، لە کاتێکدا رێژەی دامەزراندن وەک خۆی ماوەتەوە و لە سەدا 48.5 بووە. ئەم رێژەیە لەسەدا 66 بۆ پیاوان و لەسەدا 31.4 بۆ ژنان بووە.

کەمبوونەوەی بەشداریکردنی هێزی کار لە مانگی ئایاردا بە بەراورد بە مانگی نیسان 130 هەزار کەس کەمیکردووە و بووەتە 35 ملیۆن و 44 هەزار کەس، هاوکات رێژەی بەشداریکردنی هێزی کار بە رێژەی 0.3 خاڵ کەمیکردووە و گەیشتووەتە 53.6%. رێژەی بەشداری هێزی کار بۆ پیاوان لەسەدا 71.5و ژنانیش لەسەدا 36.6 بووە.

بەگوێرەی داتاکان، رێژەی بێکاری لە تورکیا لە مانگی ئازاری 2014ـەوەوە نزمترین ئاستی بەخۆیەوە بینیوە، رێژەی بێکاری لە سەدا 7.7% بۆ پیاوان و لەسەدا 13% بۆ ژنان بووە.

Fly Erbil Advertisment