رووسیا: لەگەڵ ناتۆ لە لێواری جەنگداین

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی رووسیا، دیمیتری میدڤیدێڤ رایگەیاند، وڵاتەکەی و ناتۆ لە لێواری جەنگدان و دەشڵێت "ئەنجومەنی ئۆکراینا-ناتۆ کە لەلایەن ناتۆوە درووستکراوە، بەهۆی لەناوچوونی یەکێک لە لایەنەکانەوە لەناودەچێت".

دیمیتری میدڤیدێڤ، بۆچوونی وڵاتەکەی لەبارەی لووتکەی ناتۆ راگەیاند، کە لە رۆژانی 11-12ی تەمووزی 2023 لە ڤیلینوس پایتەختی لیتوانیا بەڕێوەچوو.

لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، میدڤیدێڤ نووسیوویەتی: "ئەنجومەنی ناتۆ-ئۆکرانیا دروستکراوە ئێستا هاوپەیمانییەکە و رووسیا لە لێواری شەڕدان".

راشیگەیاند ئەنجومەنی ئۆکرانیا-ناتۆ کە لەلایەن ناتۆوە دروستکراوە، بەهۆی لەناوچوونی یەکێک لە لایەنەکانەوە لەناودەچێت.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بانگهێشتی لوتکەکە کرابوو. هەوڵی زێلێنسکی لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و لەسەروو هەموویانەوە ئەمه‌ریکا بۆ قایلکردنیان بۆئەوەی کیێڤ ببێتە ئەندامی ناتۆ، بەڵام شکستی هێنا.

خۆو بایدن کۆبوونەوەی رووبەرووی لەگەڵ زێلێنسکی هەبوو، بە روونی پێی گوتووە وڵاتەکەت هەرچی بوێت دابینی دەکەین، بەڵام جارێ کاتی ئەوە نەهاتووە ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ.

سەرۆکی ئۆکرانیا نیگەران بوو لەوەی نەک داوای بوونە ئەندامی وڵاتەکەی لە ناتۆ پەسەند نەکرا، بەڵکو، هیچ وادەیەکیش بۆ پەیوەستبوون بە هاوپەیمانییەکەوە دەستنیشاننەکرا، سەرەڕای ئەوەش سوپاسگوزاری هاوکارییەکانی ناتۆیە.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی: "دەرئەنجامی لوتکەی ناتۆ لە ڤیڵنیەس سەرکەوتنێکی پێویست و مانادارە بۆ ئۆکرانیا، سوپاسی هەموو سەرکردەکانی وڵاتانی ناتۆ دەکەم بۆ هاوکارییەکانیان کە هاوشێوەی نەبووە، ئێستا بۆ ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ گرەنتی ئاسایشی هەیە، شاندی ئۆکرانیا لەرووی ئاسایشییەوە سەرکەوتنی گرنگی بۆ وڵاتەکەمان و هاووڵاتییانمان بە دەستهێناوە، بۆ ئێمە دەرفەتی نوێی لەروویی ئاسایشییەوە بەردەست دەکات."