پترۆس نەباتی: کریستیانەکان لە مەرسوومەکەی سەرۆککۆماری عێراق نیگەرانن

K24 – هەولێر:
نووسەرێکی کریستیان، رایگەیاند، ئەو کارەی سەرۆککۆماری عێراق لە ژێر فشاری سیاسی کراوە و پێچەوانەی دەستوورە، هاوکات گووتیشی: "کریستیانەکان لە مەرسوومەکەی سەرۆککۆماری عێراق نیگەرانن".
پترۆس نەباتی، نووسەر و کەسایەتی کریستیانی، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، لە سەردەمی عەباسییەکانەوە تاکو ئێستا ساڵانە مەرسوومێک دەردەچوو لە سەرۆکایەتییەوە بەپێی ئەو مەرسوومە هیچ لایەنێک بۆی نییە دەستوەرداتە کاروبارەکانی ئەوقافی کڵێساکان و تەنیا جەنابی کاردینال مار لویس ساکۆس، سەرۆکی کڵێسەی کلدانی لە جیهان و عێراق، بۆی هەیە کارەکان رایی بکات، کە لەلایەن سەرجەم لایەنەکانی حکومەتی عێراق و ڤاتیکانەوە دانی پێدانراوە، هەروەها سەرۆکایەتی ئەو کڵێسایە لە سەردەمەکانی پێشووشدا بنەماییەکی یاسایی هەبووە.
هاوکات راشیگەیاند، ئەو کارەی سەرۆککۆماری عێراق پێچەوانەی دەستووری عێراقە و هەروەها گشت کریستیانەکانی عێراقی توڕە کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کارەی سەرۆککۆماری عێراق لە ژێر فشارێکی سیاسی کراوە، هاوکات چوار پەرلەمانتاری عێراقیش لە لیستی بابیلیۆن پستگیری بڕیارەکەیان کردووە و دەڵێن: "ئەو کارەی سەرۆککۆماری عێراق کارێکی درووستە و دەبێێت یاسای باری کەسی دەربکرێت بۆ کریستیانەکان". گووتیشی: "یاسای باری کەسی لە دەستوور هاتووە کە دەبێت کریستیانەکان یاسای باری کەسییان هەبێت، بەڵام کڵێساکانی ئێمە زۆر دوورن لە دەرکردنی ئەم یاسایە، بەهۆی ئەوەی لەو کاتەی کە دەستووری عێراق دەرچووە ئەم یاسایە جێبەجێ نەکراوە و تاکو ئیستا رێکنەکەوتوون ئەو یاسایە دەربکەن، ئەستەمیشە رێکبکەون لەسەر دەرکردنی ئەم یاسایە".
پترۆس نەباتی، جەختی لەوەشکردەوە، سەرۆککۆماری عێراق مەڕسوومەکی دەرکردووە و بڵاوکراوەتەوە لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقی و بەڵام نووسراوەکە واژووی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراقی لەسەر نییە و بێ واژوو بڵاوکراوەتەوە.
نووسەر و کەسایەتی کریستیانی، گووتیشی: "لەڕێگەی ئەم مەرسوومە کە دەرکراوە دەسەڵاتەکان لە پاتریەک سەندراوەتەوە، ئەمەش کاریگەریەکی زۆر دەکاتە سەر کارەکانی پاتریەکەکە بە شێوەکی فەرمی، کاریگەری لەسەر کاری ئایینی نییە، بەڵام کاریگەری دەبێت لەسەر کاری فەرمی و حکومی، بە هەمان شێوەش کاریگەی دەبێت لەسەر مەتڕانەکانی دیکە کە ناتوانن ئەوقافی کڵێساکان بەڕێوەببەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، پارتە کریستیانەکانی عەنکاوە لە دژی مەرسوومێکی سەرۆککۆماری عێراق گردبوونەوە و راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.
گۆران عەبدولجەبار، سەرۆکی هاوبەندی کلدانی جیهانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بەشیوەیەکی گشتی ئەمڕۆ لە بەردەم کلێسای مار یوسوف لە عەنکاوەدا، بە نوێنەرایەتی پارتی سریانی و کلدانییەکان، هەروەها بە نوێنەرایەتی سەرۆک و بەرپرسانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو چین و توێژەکانی کریستیانی عەنکاوە دژی مەرسوومێکی سەرۆککۆماری عێراق گردبووینەوە".
راشیگەیاند "لێرە دژی ئەو بڕیارە وەستاوینەتەوە، دژایەتی خۆمان رادەگەیێنین بۆ هەنگاوێک کە پێمان وایە دەستدرێژییە بۆ یەکێک لە هێما ئاینیەکانی ئێمە، ئەویش باوکی بەڕێزمان، کاردینال مار لویس ساکۆس، سەرۆکی کڵێسەی کلدانی لە جیهان و عێراق، ئەمەش لە چوارچێوەی دەرکردنی مەرسوومێک بەناوی 31 کەم، کە دوای 10 ساڵ ئەو مەرسوومەتان هەڵوەشاندەوە".
گۆران عەبدولجەبار، گوتیشی: "ئێمە ناڕازین، چونکە ئەوە سوکایەتی و دەستدرێژییە بۆ سەر یەکێک لە گەورەترین کڵیساکانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراست، ئەمە داخێکی گەورەیە و کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر کۆمەڵگەی مەسیحی، ئەو پێشینەیە پیدەچێت لێدانێک بێت لە مەسیحییەکان"
ئاماژەی بەوەشکرد: "جەنابی سەرۆککۆمار ئەوەی پەیوەستە بەو مەرسووم و راگەیەندراوەی کە بڵاوتان کردەوە، ئێمە دەڵێین: ئەوە یەکێکە لەمافە گرنگ و یاساییەکانی ئێمەیە، ئێمە پشتیوانی لەو مافەی خۆمان دەکەین، ئەو مەرسومەی هەڵتانوەشاندووەتەوە، دەرخەری نیەتێکی خراپە دژی کڵێسەی کلدانی، ئەوە شتێکە بە تەواوی رەتی دەکەینەوە".
دەشڵێت: "دەرکردنی مەرسوومی کۆماری بۆ جەنابی لویس ساکۆ، کە ئەو پۆستەی وەرگرت و دواتر هەڵوەشایەوە، ئەمە شتێکی خراپە، ساکۆ لەلایەن سەرجەم لایەنەکانی حکومەتی عێراق و ڤاتیکانەوە دانی پێدانراوە، هەروەها سەرۆکایەتی ئەو کڵێسایە لە سەردەمەکانی پێشووشدا بنەماییەکی یاسایی هەبووە و رێزی لێگیراوە".
سەرۆکی رابیتەی کلدانی سریانی جەختیشی لەوەکردەوە: "ئەمرۆ ئێمە وەک مەسیحییەکان لێرە کۆبووینەتەوە، زۆر دڵگرانین، چونکە پێمان وایە لە عێراق بە ئامانج گیراوین، پێمان وایە لەبەردەم پلانگێرییەکی ناشرین داین، کە لەلایەن کۆمەڵێک ئەقڵ و دەستی شەرانگێزەوە بەڕێوەدەبرێت، گوتیشی: وامان لێمەکەن پەنا بۆ کۆچکردن ببەین، ئێمە لێرە گردبووینەتەوە کە جەنابتان ئەو مەرسومەی کە لەساڵی 2023دا، هەڵتانوەشاندووەتەوە گۆڕانکاری تێدا بکەن و وبیگێڕنەوە، هەروەها هەموو دەسەڵاتەکان و رێز بۆ لویس ساکۆ بگێڕنەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقایعی عێراق لە (3ـی تەمموزی 2023)، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە مەرسوومی ژمارە (31) بڕیاری کشانەوەی مەرسومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بڵاوکردووەتەوە کە تایبەتە بە کاردینال پاتریارک لویس رافایل ساکۆ، لە روونکردنەوەیەکدا لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، کشانەوەی مەرسوومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردینال لویس ساکۆ ناگەیەنێت چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرەنسیس و کڵێسای کاسۆلیکییەوە ئەو پلەی پاتریارکی کڵێسای کلدانی عێراق و جیهانی پێبەخشراوە.
هەروەها لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەشکردووە، "کشانەوەی مەرسومەکە، بۆ راستکردنەوەی دۆخی دەستووری هات و مەرسوومی ژمارە (147)ی ساڵی 2013 بەبێ بنەمایەکی دەستووری یان یاسایی بوو، هەروەها بەهۆی داواکردنی مەرسومی هاوشێوەی سەرۆکایەتی لەلایەن سەرۆکی کڵێساکان و پێکهاتەکانی ئایینی دیکەوە، بەبێ بنەمایەکی دەستووری".
سەرتای مانگی ئایاری 2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کاردینال پاتریارک لویس رافایل ساکۆ رایگەیاند، ئەو هاوشێوەی سیستانی کە مەرجعی باڵای شیعەکانە، ئەویش مەرجی کریستیانەکانە و هیچ پەیوەندییەکی بە کاری سیاسییەوە نییە و جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە رەیان کلدانی نوێنەرایەتی کریستیانەکان ناکات و بەوەش تۆمەتباری کرد کە هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی کڵێساکانی پارێزگای نەینەوا دەدات.