دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بانگهێشتی کاردیناڵ لویس ساکۆ دەكات
K24 – هەولێر:
لە درێژەی کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکانی کریستیانەکان دژ بە بڕیارێکی سەرۆککۆماری عێراق بۆ کشاندنەوەی مەرسومێکی کۆماری لەبارەی پاتریارکی کڵێسای کلدانی عێراق و جیهان، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق سکاڵایەک لە دژی پاتریارک لویس ساکۆ دەجوڵێنێت.
رۆژی (13ـی تەمموزی 2023)، دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ نووسراوێکی ئاراستەی بنکەی پۆلیسی مەنسور کردووە، بە مەبەستی بانگهێشتکردنی کاردینال لویس ساکۆ پاتریارکی کڵێسای کلدانی عێراق و جیهان.
ئەو نووسراوەی دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ تایبەت بە پرسی بڵاوکردنەوە و راگەیاندن ئاماژەی بەوە کردووە، کاردیناڵ لویس روفائیل ساکۆ، پاتریاکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان کە دانیشتووی سنووری بنکەی پۆلیسی مەنسورە لە بەغدا، لەسەر فەرمانی دادوەر بانگهێشتی دادگاکە کراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ (13ـی تەمموزی 2023)، لە بەردەم کلێسای مار یوسوف لە عەنکاوە، ژمارەیەکی بەرچاو بە نوێنەرایەتی پارتە سریانی و کلدانییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو چین و توێژەکانی کریستیانی عەنکاوە دژی مەرسوومێکی سەرۆککۆماری عێراق گردبوونەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقایعی عێراق لە (3ـی تەمموزی 2023)، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە مەرسومی ژمارە (31) بڕیاری کشانەوەی مەرسومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بڵاوکردووەتەوە کە تایبەتە بە کاردینال پاتریارک لویس رافایل ساکۆ، لە روونکردنەوەیەکدا لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، کشانەوەی مەرسومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردینال لویس ساکۆ ناگەیەنێت چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرەنسیس و کڵێسای کاسۆلیکییەوە ئەو پلەی پاتریارکی کڵێسای کلدانی عێراق و جیهانی پێبەخشراوە.
هەروەها لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەشکردووە، "کشانەوەی مەرسومەکە، بۆ راستکردنەوەی دۆخی دەستووری هات و مەرسومی ژمارە (147)ی ساڵی 2013 بەبێ بنەمایەکی دەستووری یان یاسایی بوو، هەروەها بەهۆی داواکردنی مەرسومی هاوشێوەی سەرۆکایەتی لەلایەن سەرۆکی کڵێساکان و پێکهاتەکانی ئایینی دیکەوە، بەبێ بنەمایەکی دەستووری".
سەرتای مانگی ئایاری رابردوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کاردینال لویس رافایل ساکۆ رایگەیاند، ئەو هاوشێوەی سیستانی کە مەرجعی باڵای شیعەکانە، ئەویش مەرجی کریستیانەکانە و هیچ پەیوەندییەکی بە کاری سیاسییەوە نییە و جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە رەیان کلدانی نوێنەرایەتی کریستیانەکان ناکات و بەوەش تۆمەتباری کرد کە هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی کڵێساکانی پارێزگای نەینەوا دەدات.
هاوکات سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان هۆشداریدایە حکومەتی عێراق، ئەگەر لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی دژی کریستانەکان دەکرێت، نەیەتە دەنگ ئەوا پەنا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبەن.