سوودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەردۆغانەوە پێدەگات

ئەردۆغان و سوودانی
ئەردۆغان و سوودانی

K24 – هەولێر:

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری تورکیا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە دەکەن و سەرۆککۆماری تورکیاش ئامادەیی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی بۆ کارکردن لە رێگەی گەشەپێدان دووپاتکردەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی (14ـی تەمموزی 2023)، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێگەیشت و لەمیانەیدا، باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، سوودانی جەختی لەسەر سووربوونی  عێراق لەسەر بنیاتنانی هاوبەشی هەرێمی و نێودەوڵەتی کردووە کە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی نیشتمانی ئابووری نێوان هەردوو وڵات، هەروەها کاریگەری لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دروستدەکات.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەردۆغان ئامادەیی وڵاتەکەی و کۆمپانیا تورکییەکانی بۆ کارکردن لە پرۆژەی رێگای گەشەپێدان دەربڕیوە، بۆ بەشداریکردن لەو دەرفەتە ئابوورییە کە ئاڵوگۆڕ و پەیوەندی نێوان هەردوو زیاتر بەرەو پێشەوە دەبات و خزمەتی هەموو ناوچەکەش دەکات.

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە، وابڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی عێراق بکات و لەلایەن خۆیەوە رۆژی (10ـی تەمموزی 2023)، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ گرێبه‌ستكراوه‌، ئه‌م کێشەیە له‌سه‌ر ئاستی باڵا و له‌كاتی سه‌ردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا بۆ عێراق چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

هاوکات رۆژی (27ـی ئایاری 2023)، بە بەشداریی نوێنەری هەریەک لە وڵاتانی سعوودیە، تورکیا، سووریا، ئوردن، کوێت، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات، عومان و ئێران هەروەها نوێنەرانی بانکی نێودەوڵەتیی و یەکێتیی ئەوروپا، کۆنفرانسی "رێگەی گەشەپێدان" لە بەغدا بەچاودێری محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو.

رێگەی گەشەپێدان پێکهاتووە لە رێگەی وشکانی و ئاسنین کە لە رێگەی بەندەری فاو لە باشووری عێراق و دەروازەی پێشابوور لە هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی کەنداو بە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا دەبەستێتەوە و زیاتر لە 25 وڵات بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێی سوودمەند دەبن.

گوژمەی ئەو پرۆژەیە 17 ملیار دۆلارە و وابڕیارە لە سەرەتای ساڵی 2024 دەستپێدەکات و لە 2028 کۆتایی پێدێت، کە درێژی هێلی ئاسنینەکەی بریتییە لە هەزار و 175 کیلۆمەتر و رێگەی وشکانییەکەش هەزار و 190 کیلۆمەتر درێژە و هەردوو رێگەکە هاوتەریب پێکەوە دروست دەکرێن و یەکتر نابڕن، تەنیا لە باکووری پارێزگای کەربەلا نەبێت دەگەنەوە یەک.