ئیسرائیل: رێگریمان زیاتر لە 50 ھەوڵی ئێران بۆ ھێرشکردنە سەر ئامانجەکانمان کردووە

ئاڵای ئیسرائیل و ئێران
ئاڵای ئیسرائیل و ئێران

K24 - هەولێر

یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا رێگریان زیاتر لە 50 ھەوڵی ئێران بۆ ھێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل کردووە.

بەپێی ھەواڵێکی KAN دامەزراوەی پەخشی گشتی ئیسرائیل، یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە لە دوای سەردانێکی دوو رۆژە بۆ ئازەربایجان لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا.

یۆئاڤ گالانت سەردانەکەی بۆ ئازەربایجان لە رووی تاوتوێکردنی فاکتەرە جۆراوجۆرەکانی فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بە گرنگ ناوبردووە و راشیگەیاندووە کە لەمیانی دیدارەکانیدا وەک "بابەتی سەرەکی" تاوتوێی پرسی ئێران کراوە.

گالانت ئاماژەی بەوەدا، دیداری گرنگی لەگەڵ ئیلھام عەلیێڤ، سەرکۆماری ئازەربایجان و زاکیر حەسانۆڤ، وەزیری بەرگریی ئەنجامداوە و تێدا باسیان لە ھەماھەنگی لە بوارەکانی ئاسایش و ھەواڵگریی و پیشەسازیی کردووە.

یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاشکرای کرد، لە ماوەی ساڵانی رابردووو ئێران ھەوڵی ئەنجامدانی چەندین ھێرشی داوە بۆسەر ئامانجەکانی ئیسرائیل و گوتی: "لە سایەی سیستەمی ئاسایشمان و ھەماھەنگی بەھێزمان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا زیاتر لە 50 ھەوڵی ھێرشی تیرۆریستیمان پوچەڵکردووەتەوە. زۆرێک لەو ھێرشانە گەیشتووەنەتە ھەنگاوی کۆتایی و لە کۆتا ساتدا پوچەڵکراونەتەوە".