بەرپرسێکی عێراق: بەغدا بەفەرمی واشنتنی لە رێککەوتنەکەی لەگەڵ تاراندا ئاگادار نەکردووەتەوە

K24 - هەولێر

بەرپرسانی عێراق بەرگرییان لە ڕێککەوتنی نەوت و گاز کردووە کە لەم هەفتەیەدا لەگەڵ ئێران واژۆ کراوە و رایانگەیاندووە، رێککەوتنەکە سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر تاران پێشێل ناکات و یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی خراپتربوونی قەیرانی کارەبای عێراق.

بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، ئەو قسانە لەکاتێکدایە کە حکومەت عێراق لە ململانێدایە بۆ پاراستنی هاوسەنگی نێوان هەردوو هاوپەیمانی سەرەکی خۆی کە واشنتن و تارانە.

پێشووتر رێککەوتنێک هەبوو کە عێراق غاز لە ئێران بکڕێت و بە دۆلاریش پارەکەی بدات بەڵام شکستی هێنا، چونکە واشنتن رەتیکردەوە دەستبەرداری سزاکان بێت، ئەمەش وایکرد ئێران دابینکردنی غاز ببڕێت و ئەمەش بووە هۆی کەمی کارەبا لە عێراقدا.

واشنتن بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بۆ ئەوەی رێگە بە عێراق بدات پێداویستییەکانی وزە دابین بکات، هەندێک لێخۆشبوونی لە سزاکانی بەسەر ئێراندا بەخشیووە.

سێشەممەی رابردوو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردنی غاز بە نەوتی لەگەڵ ئێران راگەیاند، بەڵام هۆشداریدا لەوەی کە واشنتن هێشتا رازی نەبووە بەغدا ئەو 11 ملیار دۆلارەی کە قەرزاری تاران بووە پێی بدات، دەشڵێت: پارەکە تا ئێستا لە هەژماری بانکی ئێرانییەکانە، بەڵام بانکی بازرگانی عێراقی خاوەندارێتی دەکات.

سوودانی راشیگەیاند، ئێران لە سەرەتای مانگی تەمموزەوە هەناردەکردنی غازی بڕیوە، واتە دابینکردنی غاز بۆ بەغدا زیاتر لە 50% کەمیکردووە.

دوای رێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردن، سودانی رایگەیاند، "دابینکردنی غازی ئێران دەستیپێکردووەتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ هەمان بڕی پێشوو".

بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای سیاسی نزیک لە حکومەتی سوودانی، بەهۆی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردن، عێراق رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بۆ ئێران دەنێرێت.

ئەو بەرپرسە گوتیشی: رێککەوتنەکە سزاکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران پێشێل ناکات، چونکە مامەڵە داراییەکان دەگرێتەوە نەک گرێبەستی ئاڵوگۆڕکردن، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق بە فەرمی واشنتنی لەو رێکخستنە ئاگادار نەکردووەتەوە.

واشنتن نیگەرانە لە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ عێراق بەتایبەتی بەهۆی زۆری ئەو گروپانەی کە ئێران پشتیوانیان لێدەکات.

لە کۆتایی ساڵی 2022، ئەمەریکا رێکارەکانی توندتر کردەوە لەسەر عێراق، ئەمەش دوای ئەوەی گومانی گواستنەوەی پارە بۆ ئێران و سووریا و لایەنە سزادراوەکانی دیکەی لێدەکرا، ئەم هەنگاوەش بووە هۆی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی و توڕەیی خەڵکی عێراق.