بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی هەولێر کرایەوە
K24 – هەولێر:
دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە کاتی کردنەوەی رێوڕەسمی کردنەوەی بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لە دایکبوونی هەولێر رایگەیاند، ئەم بەشە بە هاوکاری لقی هەولێری مانگی سووری عێراقی کراوەتەوە و گرینگییەکی زۆری دەبێت بۆ ئەو ئافرەتانەی پێوستی بە خزمەتگوزاری چاودێری چڕ هەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە (1ـی ئابی 2023) بە ئامادەبوونی پاریزگای هەولێر و و کونسۆلی وڵاتى قەتەر لە هەولێر و بەرێوەبەری مانگی سورى قەتەری لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوون لە رێورەسمێکدا پرۆژەی بەشی چاودێری چڕی ئافرەتان (ICU) کرایەوە.
لە رێورەسمەکەدا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە میانەی وتارێکدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە کردنەوەی ئەم بەشە کە تەواوکار دەبێت بۆ بەشەکانی دیکەی خزمەتگوزاریی نەخۆشخانەکه.
هاوکات پارێزگای هەولێر سوپاسی کونسۆلی قەتەری و مانگی سووری قەتەری کرد کە کۆمەکی راستەوخۆی ئەو پرۆژەیە بوون و دووپاتی لەوەشکردەوە، کە لە ئەجیندای حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەولەویەتدانە بە نەخۆشخانە حکومییەکان، پاشان پارێزگاری هەولێر خەڵاتی رێزلێنانی بەخشیە مانگی سووری قەتەری.
لەلایەن خۆیەوە دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، لە میانەی رێوڕەسەمەکەدا رایگەیاند، ئەو بەشە گرنگییەکی زۆری دەبێت بۆ ئەو ئافرەتانەی کە پێوستیان بە خزمەتگوزاری چاودێری چڕ هەیە.
هاوکات گوتیشی: "لەمەودوا ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بەبەشی چاودێری چڕ بێت پێوستناکات بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دیکەی حکومی، بەڵکو لێرە چارەسەری پێویست وەردەگرن.
بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی هەولێر لە لایەن مانگی سوری قەتەری بە هەماهەنگی مانگی سوری عێراقی بە گوژمەی 343 هەزار دۆلار دروستکراوە و پێكهاتووە لە چوار بێدی نەخۆش بۆ چاودێری چڕ.