كاردیناڵ لویس ساكۆ: بەرامبەر ئه‌و میلیشیایانه وەستامه‌وه کە دەیانویست دەست بەسەر پێکهاتەی كریستیان و كورسی كۆتادا بگرن

K24 - هەولێر:
كاردیناڵ لویس ساكۆ، سەرۆكی كەنیسەی كاسۆلیكی كلدانه‌كان لە عێراق و جیهان رایده‌گه‌یه‌نێت، بەرامبەر ئه‌و میلیشیایانه وەستاوه کە دەیانویست دەست بەسەر پێکهاتەی كریستیان و كورسی كۆتا و پشک و وەزارەت و فەرمانگەی وەقفی كریستیان و موڵک و ماڵیاندا بگرن. كریستیان نشینێكی به‌غداش ده‌ڵێت، دەمانەوێت لە سیاسەت دوور بین و نامانەوێت دەستوەردان لە سیاسەتدا بکەین.
كێشه و ململانێی نێوان چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی كریستیانه‌كان رۆژه‌ڤی ئێستای عێراقه و كشانه‌وه‌ی مه‌رسوومی كۆماریش له كاردیناڵ ساكۆ، دۆخه‌كه‌ی زیاتر شڵه‌قاند و وایكرد لویس ساكۆ بڕیاربدات نووسینگه و كاروباره‌كانی بۆ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان بگوازێته‌وه.
دوای ئەوەی سەرۆک کۆماری عێراق فەرمانێکی هەڵوەشاندەوە کە دان بە پێگەی لویس ساكۆدا دەنێت وەک سه‌رۆكی کلدانەکان کە گەورەترین ئایینی كریستیانه‌كانی عێراقە. زیاتر گرژییە سیاسییەکەی نێوان لویس ساكۆ و ره‌یان كلدانی په‌ره‌پێداو مانگی رابردووش لویس ساکۆ بارەگاکەی لە بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان گواسته‌وه.
لویس ساكۆ چه‌ندین جار دووپاتیكردووه‌ته‌وه، ره‌یان كلدانی سه‌رۆكی میلیشیای بابلیۆن كار بۆ وەرگرتنی وەقف و موڵک و ماڵی كریستیانه‌كان ده‌كات.
كاردیناڵ لویس ساكۆ، سەرۆكی كەنیسەی كاسۆلیكی كلدانه‌كان لە عێراق و جیهان له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "بەرامبەر ئەم میلیشیایه‌و ئەوانی دیکەش وەستامه‌وه کە دەیانویست دەست بەسەر پێکهاتەی كریستیانن، كورسی كۆتا، فەرمانگەی وەقفی كریستیان و موڵک و ماڵیاندا بگرن."
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت ''من ناترسم و چوومە دادگا، بەرگریم لەم دۆسیانە کرد و ئه‌و سكاڵایه‌م به‌درۆخسته‌وه کە باسیان له فرۆشتنی كڵێساكان ده‌كرد، من کڵێسام نەفرۆشتووه. کڵێسا‌ی دیكه هەن کە هی ئێمە نیین و فه‌رامۆشكراون، هەروەها کەسانی خۆشباوه‌ڕ هەبوون کڵێساکانیان فرۆشتووە و له‌شوێنیان مۆڵی بازرگانیان دروستكردووه".
كریستیانه‌كانی عێراق به په‌رۆشه‌وه باسی رۆڵی لویس ساكۆ ده‌كه‌ن، كه دوای گواستنه‌وه‌ی كاروباره‌كانی بۆ هه‌ولێر، رایده‌گه‌یه‌نن، نایانەوێت خۆیان بخەنە ناو سیاسەتەوە و داوا ده‌كه‌ن كێشه سیاسییه‌كان تێكه‌ڵ به كاری ئایینی نه‌كرێن.
له‌مباره‌یه‌وه حه‌نان ئه‌لداوی، كریستیان نشینی به‌غدا ده‌ڵێت: "ساکۆی پیرۆز سەفەری بۆ شاری هەولێر کرد، بەڵام هه‌مووكات له‌دڵماندا دەژی، ئێمەی باوەڕداران هەمیشە دەمانەوێت لە سیاسەت دوور بین، نامانەوێت دەستوەردان لە سیاسەتدا بکەین، وەک وتم ئێمە لە یەک وڵات‌دا دەژین".
كریستیانه‌كانی عێراق ساڵانێكه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رنامه بۆ داڕێژراو رووبه‌ڕووی هێرش، ترس و تۆقاندن و ده‌ربه‌ده‌ركردن ده‌بنه‌وه، كه به‌هۆیه‌وه زۆرێک لە كریستیانه‌كان ناچاربوون بەرەو ئەوروپاو وڵاتانی دیكه كۆچ بكه‌ن، كه به‌پێی دوایین ئاماره‌كان ئێستا ژمارەی كریستیانه‌كان لە عێراق بە 150 هەزار كه‌س مەزەندە دەکرێت، لە کاتێکدا لە ساڵی 2003 ملیۆنێك و 500 هەزار کەس بوون.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقایعی عێراق لە (3ـی تەممووزی 2023)، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە مەرسومی ژمارە (31) بڕیاری کشانەوەی مەرسومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بڵاوکردووەتەوە کە تایبەتە بە کاردینال پاتریارک لویس رافایل ساکۆ، لە روونکردنەوەیەکدا لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، کشانەوەی مەرسومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردینال لویس ساکۆ ناگەیەنێت چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرەنسیس و کڵێسا‌ی کاسۆلیکییەوە ئەو پلەی پاتریارکی کڵێسا‌ی کلدانی عێراق و جیهانی پێبەخشراوە.
هەروەها لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەشکردووە، "کشانەوەی مەرسومەکە، بۆ راستکردنەوەی دۆخی دەستووری هات و مەرسومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بەبێ بنەمایەکی دەستووری یان یاسایی بوو، هەروەها بەهۆی داواکردنی مەرسومی هاوشێوەی سەرۆکایەتی لەلایەن سەرۆکی کڵێسا‌کان و پێکهاتەکانی ئایینی دیکەوە، بەبێ بنەمایەکی دەستووری".
سەرتای مانگی ئایاری رابردوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کاردینال پاتریارک لویس رافایل ساکۆ رایگەیاند، ئەو هاوشێوەی سیستانی کە مەرجعی باڵای شیعەکانە، ئەویش مەرجی کریستیانەکانە و هیچ پەیوەندییەکی بە کاری سیاسییەوە نییە و جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە رەیان کلدانی نوێنەرایەتی کریستیانەکان ناکات و بەوەش تۆمەتباری کرد کە هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی کڵێساکانی پارێزگای نەینەوا دەدات.
هاوکات سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان هۆشداریدایە حکومەتی عێراق، ئەگەر لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی دژی کریستانەکان دەکرێت، نەیەتە دەنگ ئەوا پەنا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبەن.
رۆژی (دووشه‌ممه 17ـی ته‌ممووزی 2023) ژماره‌یه‌ك مه‌تران له هه‌رێمی كوردستان، عێراق و ده‌ره‌وه نامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ی له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆككۆماری عێراق كردووه و تێیدا رایانگه‌یاندووه، ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای كه‌نیسه‌ی كلدانی له عێراق و جیهان كراوه، توندوتیژییه به‌رامبه‌ر به گه‌له‌كه‌یان و سووكایه‌تیكردنه به پیرۆزی و سێمبۆڵه‌كانیان.
هه‌روه‌ها له به‌شێكی دیكه‌ی نامه‌كه‌یاندا رایانگه‌یاندووه، ئه‌و بڕیاره رۆژ له دوای رۆژ زیاتر كه‌ڵه‌كه ده‌بێت و دواتریش ده‌ته‌قێته‌وه و مه‌ترسی هه‌ڵگیرسانی ئاشووبی تایه‌فه‌گه‌ری لێ ده‌كه‌وێته‌وه. هاوكات ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن سه‌رۆككۆمار له به‌رامبه‌ر دروستبوونی ئه‌و بارودۆخه، له به‌رده‌م خوا و گه‌ل به‌رپرسیار ده‌بێت. ئه‌وه‌شیان به‌بیرهێناوه‌ته‌وه، كه تا ئێستا تاوانه‌كانی داعش له دڵ و ده‌روونیان ماوه و ئاسه‌واره‌كانی ئه‌و تاوانانه به‌سه‌ر جه‌سته‌یانه‌وه دیاره.
ئه‌و ژماره مه‌ترانه له كوردستان، عێراق و ده‌ره‌وه داوایان كردووه "كۆتایی به‌و تاوان و نادادپه‌روه‌رییه بهێندرێت كه به‌رامبه‌ر به گه‌لی ماندوو و كۆستلێكه‌وتووی عێراق ده‌كرێت و كۆتایی به‌و هاوپه‌یمانه‌تییانه بهێندریت كه قوربانییه‌كه‌ی ته‌نیا نیشتمان و هاووڵاتیانینه".
مه‌ترانه‌كان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه، كه كاردینال رافایل ساكۆ له‌سه‌ر ئاستی عێراق و نێوده‌وڵه‌تی به ده‌ستپاك و نیشتمانپه‌روه‌ر ناسراوه و هه‌مووان وه‌ك په‌رژین و قه‌ڵایه‌ك به‌رگری له مافه‌كانی و مافی رۆڵه‌كانی كه‌نیسه‌ی ئازارچه‌شتوو و موڵكه دزراو و به‌قاچبراوه‌كانیان ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر باجه‌كه‌ی هه‌ر چییه‌ك بێت. هه‌روه‌ها روونیان كردووه‌ته‌وه، بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆككۆمار بڕیارێكی نادیراسه‌كراو و نابه‌رپرسانه‌یه و دژ به ڕێز و شكۆ و هه‌ست و نه‌ستیانه.