فەرەنسا: هاوکاری ئیکواس دەکەین بۆ شکستپێهێنانی کودەتاکەی نەیجەر

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاند، پاریس بە توندی پاڵپشتی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی ئابووری وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا "ئیکۆواس" دەکات بۆ پووچەڵکردنەوەی کودەتا سەربازییەکەی نەیجەر.

ئەمڕۆ شەممە، 5ی ئابی 2023، کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نەیجەر و باڵیۆزی نەیجەر لە پاریس کۆبووەوە.

کۆلۆنا پێشتر رایگەیاندبوو، ئەنجومەنی سەربازی لە نیامی پایتەختی نەیجەر، وادەی دیاریکراوی هەیە، تا سبەی یەکشەممە، بۆ رادەستکردننەوەی دەسەڵات، ئەگەرنا دەبێت هەڕەشەی دەستێوەردانی سەربازی لەلایەن وڵاتانی ئەندامی ئیکواسەوە بە جددی وەربگیرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، "هەڕەشەکە لۆژیکییە".

فەرەنسا ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئایا ئەو پشتگیرییەی باسی دەکات، پشتگیری سەربازییە بۆ دەستێوەردانی ئیکواس لە نەیجەر یان نا.

پێشتر عەزیز محەمەد ساڵح، گوتەبێژی حکومەتی چاد رایگەیاندبوو، فەرەنسا لەگەڵ ئیکواس کاردەکات، بەڵام سەرۆکی چاد دووپاتیکردەوە کە هیچ ئەرکێکی تایبەتی لە کۆمەڵگەی ئابووریی وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا نییە.

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ "سکای نیوز عەرەبی"، ئەنتینیکار ئەلحەسەن، راوێژکاری سەرۆکی نەیجەر رایگەیاند، "کاتێک وڵاتانی ئیکواس هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لە دژی نەیجەر دەکەن، ئەوە گاڵتە ناکەن".

ئەلحەسەن گوتیشی، "هیوامان ئەوە نییە دەستپێشخەرییەکانی چارەسەرکردنی قەیرانەکە ببنە هۆی شکست، ئەگەر دەستپێشخەرییەکان شکستیان هێنا، ئەمە مانای ئەوەیە کە ئیکواس گاڵتە ناکات، کاتێک دەڵێت رەنگە دەستوەردانی سەربازی بکات، ئایا ئەمە خزمەت بە بەرژەوەندیی خەڵکی نەیجەر دەکات؟ پێویستە بەرژەوەندی گەل زاڵ بێت.

جەختیشی لەوە کردەوە، "ئەگەر دەستپێشخەرییەکانی دانوستاندن شکست بهێنن، ئەوا بەدیلەکەی دەستێوەردانی سەربازی دەبێت، هەروەها نەیجەرییەکان رووبەڕووی کێشە دەبنەوە، ئێمە لە ژێر گەمارۆدا دەبین و گەشتکردنمان رەتدەکرێتەوە، دۆخەکە خراپ دەبێت".

Fly Erbil Advertisment