ئەمڕۆ مووچەی چەند وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەک دابەش دەکرێت
K24 – هەولێر
بە گوێرەی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ مووچەی چەند وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەک دابەش دەکرێت.
وەک لە خشتەی وەزارەتی دارایی هاتووە، ئەمڕۆ دووشەممە 7/8/2023، مووچەی وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتی دامودەزگا نەوتییەکان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامە، هێزی زێرەڤانی و فەرماندەی بەرگری فریاکەوتن دابەش دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری راشیگەیاندووە، سبەی سێشەممە 8/8/2023، مووچەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، وەزارەتی پەروەردە، ئەنجومەن و دەزگای ئاسایش دابەش دەکرێت.
بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی رۆژی چوارشەممە 9/8/2023، مووچەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی داد دابەش دەکرێت.
هەروەها رۆژی پێنجشەممە 10/8/2023، مووچەی ئەنجومەنی دادوەری، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، دەستەی مافی مرۆڤ، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، دەستەی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، دیوانی چاودرێری دارایی.
رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023)، کوردستان24 لیستی دابەشکردنی مووچەی بەشێک لە وەزارەتەکانی بڵاوکردەوە و لەلایەن خۆیەوە، محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە دابەشکردنی مووچە بەردەوامدەبین و لە رۆژانی داهاتوودا تەواوکاری لیستی مووچەی فەرمانبەرانی سەرجەم دامودەزگاکانی دیکە رادەگەیەنین".
پێشتریش لە هەمان رۆژدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بڕی 598 ملیار دینار لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق رادەستی وەزارەتی دارایی هەرێم کرا و رەوانەی بانکەکان کرا بە مەبەستی دابەشکردنی مووچە و هەمان رۆژیش دابەشکردنی مووچە لە وەزارەتی تەندروستی دەستیپێکرد و خشتەی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان راگەیەندرا.