ئاری ئه‌حمه‌د: ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە هەرێمی کوردستان لە دابەزیندایە

ئاری ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێمی كوردستان
ئاری ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر: 

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، تێكڕای توانای بەرهەمهێنانی ئاو لە هەرێمی کوردستان رۆژانه‌ بریتییه‌ له‌  سێ ملیۆن و 100 هەزار مەتر سێجا، ده‌شڵێت زیاتر له‌ پێنج هه‌زار له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌.

ئاری ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێمی كوردستان، تایبه‌ت به‌ کوردستان24 رایەگەیاند، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری نەرێنی لەسەر ژێرخانی ئاوی هەرێمی کوردستانیش داناوە، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تێكڕای توانای بەرهەمهێنانی ئاو لە هەرێمی کوردستان رۆژانه‌ بریتییه‌ له‌  سێ ملیۆن و 100 هەزار مەتر سێجا، گوتیشی به‌هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌واوه‌ ئاوی ژێرزه‌وی له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌میكردووه.

 به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌رێمی كوردستان له‌ ئێستادا خاوه‌نی 20 پڕۆژه‌ی ستراتیژییه‌، به‌شێوه‌یه‌ك تێكڕای به‌رهه‌می ئه‌و 20 پڕۆژه‌یه‌ ده‌گاته‌ سه‌رووی 1000 بۆ 11 هه‌زار مه‌تر سێجا له‌ كاتژمێرێكدا، هاوكات 61 پڕۆژه‌ی دیكه‌ش هه‌یه‌ كه‌ كه‌متر له‌ 1000 مه‌تر سێجا له‌ كاتژمێرێكدا به‌رهه‌م ده‌هێنن.

ئاری ئه‌حمه‌د باسی له‌وه‌ش كرد، كه‌ زیاتر پێنج هه‌زار له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ی بیر هه‌یه‌، له‌ڵام هێشتا له‌ هه‌ندێك شوێن و ناوچه‌دا گرفتی ئاو هه‌یه‌، روونشیكرده‌وه‌، به‌گوێره‌ی داتا و زانیارییه‌كان ئەمساڵ ئاوی ژێرزەوی لە هەرێمی کوردستان لە دابەزیندایە و هۆكاره‌كه‌شی بۆ كه‌می رێژه‌ی بارینی به‌فر و باران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ له‌ هه‌ندێك شوێن و ناوچه‌دا 400 بۆ 500 مه‌تر بیر لێ ده‌درێت، له‌ كاتێكدا له‌ هه‌ندێك شوێنی دیكه‌ بۆ 700 مه‌تر به‌رز ده‌بێته‌وه‌.

رۆژی 16ـی حوزه‌یرانی 2023، ئاری ئەحمەد تایبەت بە کوردستان24ــی راگەیاند، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما هۆکاری کەمبوونەوەی رێژەی ئاوە، چونکە خواست لەسەر بەکارهێنانی ئاو زیادیکردووە، هاوکات دابەزینی بەردەوامی ئاستی ئاوی ژێر زەوی گرفتێکی زۆری دروستکردەوە لەسەر حەوزی شاری هەولێر و دەوروبەری، هەروەها بوونی ژمارەیەکی زۆر لە باخچە و بەفێرۆدانی ئاویش لەلایەن هاووڵاتیان هۆکارێکی دیکەی کەم ئاوییە لە شاری هەولێر.

هەروەها راشیگەیاند، بەهۆی چاکسازی لە چەند وێستگەیەکی کارەبا ئاستی پێدانی کارەبا کەم ببووەوە، ئەمەش وایکردبوو بەرهەمی ئاو کەمبێتەوە بە تایبەت لەو شوێنانەی کە پشت بە ئاوی بیر دەبەستن.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەشکرد، بەشێک لە کێشەکان چارەسەردەبێت ئەگەر پێدانی کارەبی نیشتیمانی زیاد بکات، چونکە ئەو سەرچاوانەی کە ئاو دابیندەکەن پرۆژەکان و بیرەکانن، هەردووکی پێویستییان بە کارەبا هەیە، هەروەها زیاتر لە 1270 بیر لە شاری هەولێر هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، نزیکەی 250 بیر دەخرێنە سەر کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان، بۆ ماوەی چوار مانگ تا پێنج مانگ بۆ پڕکردنەوەی رێژەی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتیمانی، هاوکات رێژەی پێدانی کارەبا زیاد بکات کاتی پێدانی ئاو زیاد دەبێت.

ئاری ئەحمەد قادر، روونیکردەوە، ئەو شوێنانەی کە پرۆژەکانی ئیفرازی یەک، دوو و سێی بۆ دابینکراوە کەمترین کێشەی ئاویان هەیە، بەڵام بە دیاریکراوی ئەو شوێنانەی کە سەرچاوەی ئاوی تەنها بیرە بە تایبەت باکوور و رۆژهەڵاتی شاری هەولیر دەرەوەی بازنەی 120 مەتری ئەو شوێنانە لە شاری هەولێر کێشەی کەم ئاوییان هەیە.