ئێران.. لە هێرشێکدا بۆ سەر مەزارگەیەک 12 کەس کوژران و برینداربوون

شوێنی رووداوەکە
شوێنی رووداوەکە

K24 - هەولێر

میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، لە هێرشکردنە سەر مەزارگەیەکی ئایینی لە شاری شیراز لە باشووری ئێران لانیکەم چوار کەس کوژران و هەشت کەسیش بریندار بوون، هەروەها یەکێک لە هێرشبەرەکان دەستگیرکراوە.

تا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی سەر مەزارگەی شا چێراغ نەگرتووەتە ئەستۆ، کە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرنا رایگەیاندووە"لەلایەن تیرۆریستانەوە ئەنجامدراوە"، بەڵام کەناڵی هەواڵی ئێرانی (خەبەر) بڵاویکردووەتەوە، کە داعش هێرشەکەی لە ئەستۆگرتووە، کە یەکێک لە هێرشبەرەکان دەستگیرکراوە و ئەوی دیکەیان هەڵهاتووە.

ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردەوە، بەلایەنی کەمەوە حەفت کەس برینداربوون، دوکانەکانی ناوچەکەش داخراون، هەروەها هێزە ئەمنییەکانیش ناوچەی مەزارگەکەیان گەمارۆداوە.

لە شوێنی هێرشەکە، کازم موسەوی، سەرۆکی دەزگای دادوەری لە پارێزگای فارس، لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی ئێران رایگەیاند، هێرشبەرەکە لێپرسینەوەی سەرەتایی لەگەڵ کراوە و لەژێر چاودێریدایە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە"، بڕیاریشە لیژنەی سیاسەت لە پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ  دووشەممە دانیشتنێک بۆ زانینی وردەکاریی هێرشەکە ئەنجامبدەن.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا لە هێرشێکدا بۆ سەر هەمان مەزارگە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرا کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 15 کەس.

یەکێک لەو هێرشبەرانەی کە دەستگیرکراوە
یەکێک لەو هێرشبەرانەی کە دەستگیرکراوە