حکومەتی هەرێم لەم کابینەیەدا گرنگی تەواوی بە کەرتی پەروەردە داوە

ئالان حەمە سەعید
ئالان حەمە سەعید

K24 - هەولێر

کابینەی نۆیەم لەسەرەتای دەستبەکاربوونیەوە رایگەیاند، کە ئاستی خوێندن بەرەو پێشەوە دەبات و بەدیجیتاڵی دەکات، هەروەها رێنمایی و یاسای پەروەردە و فیرکردن لەم کابینەیەدا چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەرچواندنی رێنمایی تایبەت بە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان دەرچووە.

پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەم بۆ کەرتی پەروەردە.

خزمەتگوزارییە دیجتاڵییەکان

لە کابینەی نۆیەمدا ژێرخانی دیجیتاڵی بۆ کەرتی پەروەردە دامەزرا،

پرۆژەی ئی پەروەردە، کە داتای زیاتر لە دوو ملیۆن قوتابی و مامۆستا و فەرمانبەر، بەهەموو وردەکارییەکانیان و تەواوی قوتابخانەکانی کوردستان و پۆستە و نوسراوەکانیان بە دیجیتاڵی کراون.

ئی هەلسانگاندن، لەرێگەی ئەم پلاتفۆرمەوە، هەڵسەنگامدمی قوتابیان و نمرەکانیان  و خشتەی وانەکان و هەڵسوکەوتی قوتابی لەناو پۆلدا دەدرێت بە بەخێوکارەکانیان.

ئی راهێنان، پلاتفۆرمی راهێنانی مامۆستایان کە زیاتر لە 700 ڤیدیۆ و کاری گروپ کاری تێدایە، بۆ راهێنانیان لەسەر شێوازەکانی وانە وتنەوە.

ئی وانە، پلاتفۆرمێکی فێرکارییە بۆ قوتابیان کە وانەکانیان تۆمارکراوە و کتێبەکانی خوێندن بە ئەلیکترۆنی بەردەستە.

ئی کتێبخانە، ئەم پلاتفۆرمە لە ئایندەیەکی نزیک رادەگەینێنرێت، وەک کتێبخانە بۆ مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران.

ئی خێزان، پلاتفۆرمێە بۆ یارمەتی دانی خێزان بۆ پەروەردەکردنی منداڵانییان بەردەستخراوە.

ئی باڵەخانە، پلاتفۆرمێکە چاودێریکردن و بەدواداچوون و داتای پڕۆژەکانی دروستکردن و فراوانکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان دەگرێتەوە.

ئی بەدواداچوون، کە هاووڵاتیان دەتوانن بەژمارە تەلەفۆن و ژمارەی نوسراو بەدواداچوون بۆ مامەڵەکانییان بکەن.

ئی ڕیزبەندی، پلاتفۆرمێکی وەزارەتی پەروەردەیە بۆ پۆلێنکردنی ئاستی قوتابخانەکان داندراوە لەسێ هەفتەی داهاتوو دەکەوێتە بواری جێ بەجێکردنەوە، هاووڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە بزانن ئاستی قوتابخانەکەیان چۆنە.

ڕاهێنانی مامۆستایان

هەروەها لەبارەی بارەی راهێنانی مامۆستایان لەکابینەی نۆیەم ستراتیژییەکی حەفت ساڵەیان بۆ دانراوە، لە 2023 تا 2030، بەشێوەیەک لە مانگی 9ی ئەمساڵەوە هەموو مامۆستایەک هەفتانە یەک وانەی راهێنان وەردەگرێت، بەمەش کواڵێتی خوێندن دەباتە ئاستێکی باشتر.

پڕۆگرامی خوێندن

لەکابینەی نۆیەمدا پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانی خوێندندا کراوە، کارکردنیش بەردەوامە بەپێداچوونەوە بە چەندین کتێبی دیکەی خوێندن. هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ قوتابخانەکان دەکرێت.

بەرزکردنەوەی کواڵێتی خوێندن

جێبەجێکردنی بونیادنانی پڕۆژەی تواناکان کە تیایدا ستاندارد بۆ قوتابیان و مامۆستایان داندراوە، هەروەها قتابخانەکان پۆلین دەکرێن بۆ چوار ئاست.

هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتی

بۆ یەکەم جار لە 32 ساڵی رابردوو، وەزارەتی پەروەردە لە کابینەی نۆیەم توانی بەشداری هەڵسەنگاندنە نێودەوڵوتییەکانی TIMSS و PISA بکات، کە دوو هەڵسەنگاندنی ستانداردی نێودەوڵەتین و قوتابیان لە بابەتەکانی بیرکاری و زانست و خوێندنەوە هەڵدەسەنگێنن و PISA هەر سێ ساڵ جارێک بۆ قوتابیانی تەمەن 15 سالان لە چەندین وڵات ئەنجام دەدرێت، هەڵسەنگاندنی TIMSS هەر چوار ساڵ جارێک بۆ قوتابیانی پۆلی چوار و پۆلی هەشت بەبەشداری چەندین وڵات لە ئاستی جیهانی ئەنجام دەدرێت.

ژێرخانی پەروەردەیی

یەکەم، 84 بینای نوێی باخچە و قوتابخانە لە کوردستان لەکابینەی نۆیەمدا کەوتووەتە بواری جێ بەجێکردنەوە.

دووەم، 452 ژووری نوێ لە قوتابخانەکان دروستکراون.

سێیەم، 1503 باخچە و قوتابخانە نۆژەنکراوەتەوە.

چوارەم، دەیان باڵەخانەی باخچە و قوتابخانە کارییان تێدا دەکرێت.

پێنجەم، دروستکردنی 348 ژووری نوێی خوێندن لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گوژمەی 6 ملیار دینار رەزامەندی لەسەر دراوە.