وەزارەتی پەروەردە نمرەی 47629 دەرچووی پۆلی 12ـی رادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد

K24 – هەولێر:
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نمرەی 47 هەزار و 629 دەرچووی پۆلی 12ـی زانستی، وێژەیی و پیشەیی رادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد بە مەبەستی وەرگرتنیان لە چوارچێوەى سیستمى زانکۆلاین بۆ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان.
رۆژی دووشەممە (28ـی ئابی 2023) ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی کرد بۆ رادەستکردنی نمرەی دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە گشت لقەکانییەوە بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بەڕێوەبەرایەتى ئەزموونەکانى وەزارەتى پەروەردە کۆى داتا و ئامارەکانى قوتابیانی پۆلى 12ـی ئامادەیى لە ساڵى خوێندنى (2022-2023) خستەڕوو، هاوکات ژمارەى دەرچووانى بەشەکانى زانستى و وێژەیى و پیشەییەکان و رێژەى نمرەى بەدەستهاتووی قوتابیان خرانەڕوو، هەروەها هەڵسەنگاندن لەبارەى رێژەى دەرچووان و میکانیزمى تەرخانکردنى کورسى خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگەکان کرا.
لەلایەن خۆشیەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی راگەیاند، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا پرۆسەی پێشکەشکردن لە رێگەی سیستمى زانکۆلاینەوە بۆ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەستپێبکات.
رۆژی پێنجشەممە (17ـی ئابی 2023)، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی خوولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو لقەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەییەکان راگەیاند، کە لە کۆی 103 هەزار و 916 بەشداربوو لە تاقیکردنەوەکاندا، رێژەی دەرچوون گەیشتە 45.89%.
هەروەها رۆژی چوارشەممە (16ـی ئابی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا، خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە قوتابییە یەکەمەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 لە کوردستان کە قوتابییە یەکەمەکانی شاری کەرکووکیش تێیدا بەشداربوون.