بەغدا دووچاری كێشەی زۆری ژمارەی دانیشتوان دەبێتەوە

K24 - بەغدا

بەغدا دووچاری كێشەی زۆری ژمارەی دانیشتوان بووەتەوە، بە گوێره‌ی راپۆرتێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراقی، تەنیا لە بەغدای پایتەختدا، دەملیۆن کەس دەژین و بەوهۆیەوە ئێستا زۆربەی گەڕەکەکانی بەغدا، بەدەست خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەییەوە دەناڵێنن.

شارەزایان ئەمە بۆ شکستی حکومەت دەگەڕێننەوە و پێیان وایە، حکومەتی عێراق لەنێوان پایتەخت و پارێزگاکاندا، نەیتوانیوە سامان و سەرچاوەکانی داهات بەیەکسانی دابەش بکات.     

گەڕەکی فەزڵ، یەکێکە لە گەڕەکە دێرین و میللییەکانی بەغدایە، ژێرخانەکەی وێرانە، هەرچی خانووەکانە، باشتر نین لە حاڵی ئەو خزمەتگوزاریانەی کە بۆی دابین کراوە، کۆڵان و شەقامەکانی پیس و ناتەندروستن، ئەو گەڕەكە نموونەیەكە بۆ زۆربەی گەڕەكەكانی دیكەی بەغدا، كە بەپێی راپۆرتی وەزارەتی پلاندانان ژمارەی دانیشتوانی بەغدا گەیشتووەتە 10 مليۆن كەس، و زۆربەیان بێ خزمەتگوزاریین.   

عەباس ئەلزاملی، ھاووڵاتییەکی دانیشتوی عێراقە و دەڵێت: " ژمارەی دانیشتوان گەیشتووەتە دە ملێۆن، بەڵام توانستەكانی خزمەتگوزاری ھەروەكو خۆیانن، زیاد نەكراون، فراوان بوونەكە ستوونی بووە، ئەمەش وادەكات كارەبا، ئاو و ئاوەڕۆ زیاتر بەكاربێت و خزمەتگوزارییەكان بەش نەكەن". 

هاووڵاتییەکی دیکەی بەغدا بەناوی ئەرشەد عەلا، ئاماژە بەوە دەکات: "لە هەندێک ناوچەی میللیی قوتابخانەکان وێرانن، لە ھەرپۆلێكدا 50 تا 54 قوتابی هەیە، ئەمەش مانای خراپی و نەبوونی خزمەتگوزاریی پەروەردەییە".

لەبارەی کەڵەکەبوونی ژمارەی زۆری دانیشتوان لە بەغدا، شارەزایان دەڵێن، کە هۆکارەکەی شکستی ‌پلانەکانی حکومەت و هەبوونی نادادپەروەرییە لە دابەشکردنی سامان و داهات لەنێوان پایتەخت و پارێزگاکانی دیکەدا .

ماهیر عەبد جەودە، شارەزای ستراتیژی بە کوردستان24ی گوت: "نە ژێرخان هەیە و نە سەرخان، پرد و رێگەی زیرەک و ئۆتۆبان نییە، پلانی دانانی پایتەختێکی ئیداریش نییە، بۆ نموونە بۆچی بەسرا ناکەنە پایتەختی ئابووری و هەولێریش بکەنە پایتەختی هاوینە؟ بۆچی پایتەختێکی ئیداری لە ناوچەکانی فوراتی ناوەڕاست دروست ناکەن؟ بەڵگە نەویستە کە ئێمە پلانی ئاوەدانکردنەوەمان نییە".

بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتوانی پایتەخت، وەکوشارەزایان دەڵێن، بەهۆی شکستی حکومەتەوەیە کە نەیتوانیوە بە یەکسانی و دادپپەروەری داهاتەکان بەسەر تەواوی عێراقدا دابەش بکات، خەڵکیش ناچارە بۆ ژیان بە لێشاو روو لە بەغدا بکەن، کە لەوێش خراپترین خزمەتگوزاری هەیە.