ئەمەریکا مووشەکی کلاستەری دوور مەودا بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت

مووشەکی کلاستەری دوور مەودا
مووشەکی کلاستەری دوور مەودا

K24 - هەولێر

رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بەنیازە مووشەکی دوور مەودا بۆ ئۆکرانیا دابین بکات کە بە تەقەمەنی بۆمبڕێژکراو ئامادەکراون.

ئەو سەرچاوانە کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، بە رۆژنامەی "واشنتن پۆست"یان راگەیاندووە، گفتوگۆکان سەبارەت بە پەسەندکردنی ئەو چەک و مووشەکانە گەیشتووەتە دەست دەزگا و لیژنەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا.

مووشەکەکانی کلاستر مەودا دوور (ATACMS) توانای پێدانی ئامانجەکانیان هەیە کە لە دووری 190 میل کە دەکاتە نزیکەی 306 کم، ئەمەش رێگە بە کیێڤ دەدات بنکە فەرماندەیی و کۆگاکانی تەقەمەنی و رێگا لۆجستییەکانی کە هێزەکانی رووسیا خۆیان تێدا پەنایان داوە بپێکێت.

سەرەڕای پلانەکانی ئیدارەی بایدن، پێنتاگۆن نیگەرانە لەوەی کە کێشانەوەی ئەو مووشەکانە لە کۆگا سەربازییەکانییاندا، رەنگە ئامادەکارییەکانی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ هەر ململانێیەکی ئەگەری تێکبدات.

واشنتن بەم دواییە یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد کە لەلایەن پێنتاگۆنەوە بە 325 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

پاکێجی هاوکارییەکان بریتین لە مووشەکی بەرگری ئاسمانی، تەقەمەنی بۆ سیستەمی مووشەکی هایمارس، چەکی دژە تانک و گوللـەی تۆپ.

لە مانگی شوباتی ساڵی 2022دا رووسیا هێرشیکردە سەر ئۆکرانیا تاوەکو ئێستا جەنگەکە بەردەوامە بەدەیان هەزار سەرباز لە هەردوولا کوژراون.​