ئەرمینیا سەبارەت بە دۆخی قەرەباخ داواکارییەک ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

سەربازێکی رووسی لەسەر سنووری نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا - وێنە: AFP
سەربازێکی رووسی لەسەر سنووری نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

ئەرمینیا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات تیمێک بۆ چاودێریکردنی دۆخی ناگۆرنۆ قەرەباخ رەوانەی هەرێمەکە بکات.

ئارارات میرزۆیان، وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا لە گوتارێکیدا لەبەردەم کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک رایگەیاند، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ بڵاوەپێکردنی دەستبەجێی هێزێکی هاوبەشی ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ناگۆرنۆ قەرەباخ، بە ئامانجی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی مرۆیی و ئاسایشی ناوچەکە.

هەفتەی رابردوو هێزەکانی ئازەربایجان لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا توانیان تەواوی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ کۆنترۆڵ بکەن، کە لەلایەن جوداخوازە ئەرمەنییەکانەوە بۆ ماوەیەی چەند دەیەیەک بەڕێوەدەبڕا.

دانیشتووانی قەرەباغ لە ئازەری و ئەرمەنی پێکهاتوون و لە نەوەتەکانی سەدەی رابردووەوە لەژێر دەسەڵاتی باکۆ نەما و لەوکاتەوە ناکۆکی نێوان هەردوو وڵات دەستیپێکردووە، تاوەکو لە جەنگی 2020، ئازەربایجان توانی دەستبەسەر رووبەرێکی فراوان لە ناوچەکەدا بگرێتەوە.

ماوەی چەندین مانگە ئازەربایجان گەمارۆی خستووەتە سەر رێگەی لاچین کە تاکە رێگەیە ئەرمینیا بە قەرەباغ دەبەستێتەوە بەڵام لە چەند رۆژ رابردوودا، بە مەبەستی هاوکاری مرۆیی بە ناوچەکە، باکۆ بڕیاریدا رێگەکە بەشێوەی کاتی بکرێتەوە و داخستنی ئەو رێگەیەشی بۆ رێگریکردن لە بەقاچاغبردنی چەک بۆ گرووپەکانی سەر بە ئەرمینیا گەڕاندەوە.