باڵێکی بزووتنەوە: پێشلکارییەکی زۆر لە ناوی ئەندامانی کۆنگرەدا کراوە

K24 - هەولێر
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لە باڵی کامیل حاجی عەلی رایگەیاند، ئەو ناوانەی ئەندامانی کۆنگرە کە هەڵواسراوە لەگەڵ ئەو دوو هەزار ناوەی لای ئێمەیە، جیاوازییەکی زۆر زۆری تێدا هەیە، ئەمەش پێشێڵکارییەکی یاساییە.
محەمەد بازیانی گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لە باڵی کامیل حاجی عەلی، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئەم کۆنگرەیە لەسەرەتاوە ئێمە داوامان کردبوو کە بکرێت، بەپێی ئەو پەیرەو و پرۆگرامەی رێککەوتنمان لەسەری کردبوو لەکۆنگرەی 11، بەڵام ئێمە ئێستا دەبینین ئەو ناوانەی هەڵواسراوە لەگەڵ ئەو دوو هەزار ناوەی لای ئێمەیە، جیاوازییەکی زۆر زۆری تێدا هەیە، هەروەها ناوێکی زۆر زیاد کراوە، لەکاتێکدا ناوێکی زۆری ئێمەش لابراوە، ئەمەش پێشێڵکارییەکی یاساییە.
گوتیشی: ئاگاداری سەرەوەمان کردووەتەوە ئەگەر چارەسەری ئەو بابەتە نەکەن، ئەوە ئەو کۆنگرەیە ناتەواوە، دەشڵێت، ئەوانەی لەدامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی دابوونە ئێستا ناویان لە ئەندامانی کۆنگرەدا نییە، لەکاتێکدا ئەو لیستەی پێشکەشکراوە هەندێک ناوی تێدایە رۆژێک لە رۆژان بزووتنەوە نەبووە، هەروەها زانیاری وردیشمان هەیە هەندێک ناو لە حزبەکانی دیکەن و بزووتنەوەش نین ناویان لەئەندامانی کۆنگرەدا هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە بایکۆتی کۆنگرەی دامەزراندن ناکەین، ئەوە پێشێڵکاری یاساییە، ئێستاش لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و فەرمانگەی ئەحزابەکان لەسەر خەتین بۆ چەرەسەرکردنی ئەو کێشەیە.
ئەمڕۆ کۆنگرەی دامەزراندن لەنێوان هەردوو باڵی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.