ئەو فەرمانبەرانەی ناویان لە "هەژماری من" تۆمار کراوە مووچەیان دواناکەوێت

حکومەت بە چەند قۆناغێک پڕۆژەی "هەژماری من" جێبەجێ دەکات

K24 - هەولێر

فەرمانبەران پێشوازی لە پڕۆژەی "هەژماری من" دەکەن و ئەوانەی ناویان لە پڕۆژەکە تۆمارکراوە مانگانە بەبێ دواکەوتن مووچەکەیان دەخرێتە سەر هەژمارەکەیان و مووچە وەردەگرن.

بە ئامانجی ئەوەی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی وڵاتانی دیکە، ببێت بە ناوەندێک کە تێیدا مامەڵە بە پارەی کاش نەمێنێت، لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە بۆ یەکەمجار پڕۆژەی هەژماری من لە نەخۆشخانەی  ئافرەتان و لەدایکبوونی هەولێر خرایەکار، فەرمانبەران دەڵێن: جیا لەوەی لە رێگای هەژماری من مووچەکەمان زوو وەردەگرین، سەر ئێشە و ماندوو بوونی لە وەرگرتنی مووچە نەماوە.

ئەحمەد شەماڵ، یەکێکە لەو فەرمانبەرانەی ناوی لە "هەژماری من" تۆمارکراوە و مانگانە لە ئامێری ATMـەکانی بانک مووچەکەی وەردەگرێت، ئەو دەڵێت: "پێشتر بۆ وەرگرتنی مووچە دەچووینە بانکەکان و لەوێوە دەمانهێنا لە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکان دابەش دەکرا، جگە لەوەی کاتی زۆری لێدەگرتین، گواستنەوەی پارە لە بانک بۆ فەرمانگە کێشەیەکی دیکە بوو، بەڵام ئێستا هەر مانگانە لە رێگە مۆبایلەوە بە نامەیەک ئاگادار دەکرێمەوە لە هاتنی مووچە، دوای دەوام یان هەر کاتێک دەچین مووچەکەمان وەردەگرین".

دەشڵێت: "ئامێرەکانی ئەی تی ئێم لە زۆربەی گەڕەک و شەقامەکان هەن، فەرمانبەران بە ئاسانی دەتوانن دەستیان پێبگات، من هەر لە گەڕەکی خۆم مووچەکەم لەو ئامێرە رادەکێشم".

لە مانگی شوباتی 2023، بۆ یەکەمجار و لە قۆناغی تاقیکاری، مووچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی هەولێر بە دیجیتاڵی خرایە سەر هەژمارەکانیان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش ئەو پڕۆژەیە بۆ ئاسانکاری زیاتر بە سەرکەتوو ناودەبات.

شادان شێروان حەیدەری، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "هەژماری من یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دامەزراندنی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز، وەک بەڕێوەبەر و پزیشک و فەرمانبەرانی نەخۆشخانەکەمان کە ناومان لە هەژماری من تۆمار کراوە، دەستخۆشی لە حکومەت دەکەین، چونکە پڕۆژەیەکی شەفافە بۆ وەرگرتنی مووچە و وەرگرتنی بێ ئەوەی کاتمان بگرێت، دەتوانین لە هەر کات و شوێنێک مووچەکانمان وەربگرین".

ئامانج لە پڕۆژەی "هەژماری من" رێکخستنی شێوازی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی حکومی و پەرەپێدانی ئاسایشی دارایی و دابینکردنی کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی بانکییە، بۆ سوودمەندان.

هەژماری من

دەستپێشخەرییەکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە، کارایی حکومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.

بەهۆی دەستپێشخەریی "هەژماری من"ـه‌وه‌ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان، بە شێوەیەکی پارێزراو و شەفاف و گونجاو لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری راکێشانی پارەوە (ATM) کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات.

لەگەڵ ئەوەشدا، کاردەکرێت لەسەر دابینکردنی 100 هەزار ئامێری خوێندنەوەی کارتی بانکی و دابەشکردنی بەسەر شوێن و ناوەندە بازرگانییەکان بۆ ئەوەی مامەڵەی کڕین بە کارتی بانکی بۆ هاووڵاتییان و بەشداربووانی پرۆژەی هەژماری بانکی ئاسان بکات.

هەروەها ئەم پڕۆژەیە ئاسانکاری دەکات تەواوی بەشداربووانی پرۆژەکە بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانە قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی.

راگەیاندنی پرۆژەی هەژماری من

لە راگەیاندنی ئەو پرۆژەیە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، هەژماری من؛ رێگایەکی پارێزراو و شەفاف و گونجاو بۆ فەرمانبەرانی حکومەت و خانەنشینان دەڕەخسێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن لە ڕێی تۆڕێک لە ئامێری ڕاکێشانی پارەوە (ATM)، مووچەکانیان وەربگرن کە لە سەرووی هەزار شوێن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا بەردەست دەبن.

هەروەها لە رێگەی هەژماری منەوە، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، دەستیان بە خزمەتگوزارییە مۆدێرنەکانی بانک دەگات؛ لەوانە قەرز، توانای پاشەکەوتکردن، حەواڵەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، توانستی پارە راکێشانی نێودەوڵەتی و پارەدانی ئۆنڵاین و دیجیتاڵی.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی راشیگەیاند، هەژماری من؛ یەکێکە لەو دەستپێشخەرییە درێژخایەنانەی کابینەی نۆیەم، کە بۆ بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و زیادکردنی خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییان و ئاسانکاری بۆ بازرگانی لە کوردستاندا دەیخاتەڕوو.

سوودەکانی پرۆژەی هەژماری من

پڕۆژەکە چەندین سوودی جۆراوجۆر پێشکەش بە هاووڵاتییان و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکات، کە ئاسنکاری لە مامەڵە داراییەکان و سەلامەتی هەژمارە بانکییەکان وەک بنەمای سەرەکی ئەو پرۆژەیە دانراوە.

 لە سوودەکانی هەژماری من بۆ هاووڵاتییان، پێدانی مووچەی فەرمانبەران بە شێوەیەکی رێکوپێک و لە کاتی خۆیدا بەبێ بوونی نۆرە و کاتی زۆر، هەروەها توانای دەستڕاگەیشتن بە پارە لە هەر شوێنێکدا بە بەکارهێنانی بانکی مۆبایل/ئینتەرنێت بەبێ سەردانی لقەکان.

هاوکات مەترسیی بردنی مووچە و پاشەکەوت ناهێڵێت و  دەستڕاگەیشتن بە بەرهەمە داراییەکان و دروستکردنی داهاتی زیادە لە دانانی پارەی نەختینەیی ناکارا لە پاشەکەوتدا و کڕینی کاڵا یان خزمەتگوزاری، یان پارەدان بە خەرجییە کەسییەکان لە رێی قەرزەوە و دەستڕاگەیشتن بە پارەدانی دیجیتاڵی ئاسان دەکات.

لە سوودە ئابوورییەکانی پرۆژەی هەژماری من، بەهۆی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە کەرتی بانکی دا هەنگاو بە هەنگاو زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە و خەرجییەکانی بەکاربەرانیش زیاتر دەکات بەهۆی زیادبوونی قەرزی تاکەکەسی.

رەخساندنی هەلی کاری زیاتر لە کەرتی بانکیدا، لەپێناو ڕایی کردنی مامەڵە و پێداویستی فەرمانبەر و هاووڵاتییان، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە مامەڵەی کاش و دەستپێکردنی پارەدانی دیجیتاڵی بۆ خزمەتگوزارییە گشتیەکان دەهێنێتە کایەوە.

لەلایەن خۆیەوە، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی (23ـی ئایاری 2023)، لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیی پرۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە تەواوبوونی پرۆژەکە، کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری و پێشکەوتنی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و فەرمانبەران و مووچەخۆرانیش سوودمەندی سەرەکی دەبن لەم پرۆژەیە و چەندین خزمەتگوزاری و کارئاسانیان بۆ دەستەبەر دەکرێت.

جێبەجێکردنی پرۆژەی هەژماری من

لە (7ـی ئاداری 2023) بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەک یەکەم هەنگاوی تاقیکاری، لە نەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر، چوونە بواری جێبەجێکردنی پرۆژەی هەژماری من راگەیەندرا، کە نزیکەی 850 مووچەخۆری ئەو نەخۆشخانەیە لە رێی کارتی بانکییەوە مووچەکانیان وەرگرت.

بەگوێرەی لێدوانی سەرپەرشتیارانی پرۆژەی هەژماری من، پرۆژەکە ماوەی دوو ساڵ دەخایەنێت و سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار مووچەخۆرە، دەبنە خاوەنی هەژمای بانکی تایبەت بەخۆیان.