هه‌ولێر.. پرۆسەی ناونووسین بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج دەستیپێکرد

K24 - هەولێر:

دوای شەش ساڵ، ئەمڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 15ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) پرۆسەی ناونووسین بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج لە مزگەوتی سەواف ـی شاری هەولێر دەستیپێکرد و لە یەکەم رۆژی ناونووسیندا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بەشدارییان لە پرۆسەکە کرد.

هەڵگورد عەبدولسەمەد، بەرپرسی نویسنگەی حەج و عومەرەی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، پرۆسەکە بۆ ماوەی 12 رۆژ بەردەوام دەبێت و ساڵی ئایندە پرۆسەکە بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت.

پشکی هەرێمی کوردستان بۆ بەجێگەیاندنی گەشتی فەریزەی حەج ساڵانە چوار هەزار و 678 کەسە و بەسەر پارێزگاکان دابەش دەکرێت.

ئه‌مساڵ له‌ وه‌رزی حه‌جدا، 37 هەزار هاووڵاتی لە عێراق  بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج چوونە سعوودیە و لەو ژمارەیەش چوار هەزار و 685 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بوون.

لە 10ی حوزەیرانی 2023 یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی وشکانی گەیشتە ناو خاکی سعوودیە دوو رۆژ دواتریش لە 12ـی حوزەیرانی 2023، یەکەمی کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی ئاسمانی گەیشتە شاری مەککە.