شەش ساڵە کەرکووک لەژێر حوکمی سەربازی دایە

شەش ساڵە کەرکووک لەژێر حوکمی سەربازی دایە
شەش ساڵە کەرکووک لەژێر حوکمی سەربازی دایە

K24 - هەولێر

دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر، پرۆسەی تەعریب لە کەرکووک فراوانتر کراوە، کورد لە ئیدارەی کەرکووک پەراوێزخراوە و هیچ رۆڵێكی سەربازی و ئیداری نەماوە.

ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر رووداوەکانی 16ـی ئۆکتوبەری 2017 تێدەپەڕێت. هێشتا کەرکووک لەژێر حوکمی سەربازیدایە، هیچ ڕۆژێک تێناپەڕێت کە لە شارەکە پرۆسەی تەعریب ئەنجام نەدرێت. دۆخێکی ئەمنی خراپ لە شارەکە هەیە و لەرووی ئیدارییەوە کورد پەراوێزخراوە و ئیدارەیەکی سەپێنراو شەش ساڵە حوکمی شارەکە دەکات. هەرچەندە کورد زۆرینەی دانیشتووانی پارێزگاکە پێکدەهێنن، بەڵام هیچ رۆڵێکی ئیداری و سەربازیان نییە.

لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا یەکێک لە هەوڵەکانی ئیدارەی سەپێنراوی کەرکووک، گۆڕینی سیمای کوردستانییەتی شاری کەرکووک بووە. ئەوەی ئێستا لە شارەکە دەبیندرێت، وەکو ئەوەی وایە هیچ کوردێک لە کەرکووک ناژیت.

محەممەد ئیسماعیل، کاسبکارە و لەنێو بازاڕی گەورەی کەرکووک کار دەکات، باس لەدۆخی ئێستا و پێش 16ـی ئۆکتوبەر دەکات و دەڵێت، "پێش رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر و کاتێک کورد حوکمی ئەم شارەی دەکرد، بارودۆخەکە زۆر جیاوازبوو. ئەم بازاڕەی لێ کاردەکەم، سێ بەشی کورد بوو، ئێستا خەڵکی تکریت، حەویجە، بەغدا و ریاز لێی کۆبووەتەوە. بڕوا ناکەم ئێستا 20 کوردی تێدا مابێت، هەمووی بووەتە عەرەب". 

لە زۆرینەی شوێنەکانی کەرکووک ئاڵای هەموو نەتەوەکان و تەنانەت مەزهەبەکانیش هەڵکراوە، بەڵام ئەوەی کە قەدەغەیە تەنها ئاڵای کوردستانە.

لە دوای  16ـی ئۆکتۆبەری 2017، بەردەوام پانتای تەعریب لە فراوان بوونە بووە، سیمای ئەم شارە بەجۆرێک گۆڕاوە کە ئەگەر ئەم تەعریبە بەردەوام بێت، رەنگە چەند ساڵێکی دیکە ئەگەر گوزەرێک بەم شارە بکەیت، ئەوە هیچ هێما و سیمایەکی کوردی نەبینی.

بەهۆی رووداوەکانی 16ـی ئۆکتوبەری 2017، کەرکووک و بەشێکی زۆری خاکی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە دەستدرا و، ئێستاش داوا دەکرێت بەهەر شێوەیەک بێت گۆڕانکاری لە شارەکە بکرێت، چونکە ئەو دۆخەی کە هەیە بەلای هاوڵاتیانی کوردەوە قبوڵ کراو نییە.