پرۆژەی بەریتانیا-فەڵەستین داوا لە حکوومەتی وڵاتەکەی دەکات هەنگاوی کردەیی بۆ دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستینی بنێن

پرۆژەی بەریتانیا-فەڵەستین ڕایگەیاند، دانپێدانانی بەریتانیا بە دەوڵەتی فەڵەستین هەنگاوی "سەرەتایە" و پێویستی بە هەنگاوی کرداری هەیە؛ هاوکات پرۆژەکە کۆمەڵێک مەرج و داواکاری بۆ پشتیوانی کردنی فەڵەستین دوای پرۆسەی دەنگدانەکە ئاراستەی حکوومەتی وڵاتەکەی دەکات.
یەکشەممە 21ـی ئەیلوولی 2025، پرۆژەی بەریتانیا-فەڵەستین (BPP) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڕیاری ناساندنی دەوڵەتی فەڵەستین لەلایەن وڵاتەکەوە بە هەنگاوێکی گرنگ وەسف کرد، جەختیشی کردەوە "ئەو دانپێدانانە تەنیا سەرەتایە" و دەبێت ببێتە دەستپێکی پرۆسەیەکی بەردەوام بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییە مێژوویی و یاساییەکانی بەریتانیا.
پرۆژەکە، کە کار لەسەر بەرپرسیارێتییەکانی بەریتانیا لە ڕاگەیاندنی دوو دەوڵەتی فەڵەستین-ئیسرائیل دەکات، داوای کرد کە حکوومەتی بەریتانیا کرد هەنگاوی کردەیی بنێت و هەموو ئامرازەکانی بەکاربهێنێت بۆ فشارخستنە سەر ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنانی دەستبەجێ بە شەڕ لە غەززە و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان.
داواکارییە سەرەکییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان
پرۆژەی بەریتانیا-فەڵەستین (BPP) داوای لە بەریتانیا و وڵاتانی دیکە کرد، لە دوای دانپێدانانەکە، ئەم ڕێوشوێنانە بگرنەبەر:
- سەپاندنی گەمارۆی تەواوەتی و ڕاگرتنی هەموو جۆرە هاریکارییەکی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل، تاوەکوو پابەندیی خۆی بە بڕیارەکانی دادگای نێودەوڵەتیی داد (ICJ) نیشان دەدات.
- جێبەجێکردنی سزای ئاراستەکراو هاوشێوەی ئەوانەی لەسەر ڕووسیا سەپێنراون، بەهۆی پێشێلکاریی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییەکان و جینۆسایدکردنی هاووڵاتییانی غەززە.
- ڕاگرتنی هەموو پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل تا کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکان لە غەززە دەهێنێت و گەمارۆی 18 ساڵەی سەر کەرتی غەززە هەڵدەگرێت.
- کارکردن بۆ گەڕانەوەی خێرای هەموو ئاوارەکان و دەستپێکردنی هەوڵێکی گشتگیر بۆ بووژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە.
- پێشکەشکردنی پشتیوانیی دیپلۆماسیی تەواو بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) و دادگای نێودەوڵەتیی داد (ICJ).
پشتیوانی لە دەوڵەتی فەڵەستین
ڕێکخراوەکە داوای لە حکومەتی بەریتانیا کرد کە پابەندییە یاساییەکانی خۆی لە ژێر بڕیارەکانی دادگای نێودەوڵەتیی داد (ICJ) و بڕیارنامەی 2334ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا جێبەجێ بکات، بەتایبەتی لە ڕێگەی گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنانەی خوارەوە:
- قەدەغەکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییە نیشتەجێبوونەکان و هەر جۆرە دارایی، وەبەرهێنان یان پشتیوانییەکی خێرخوازیی بەریتانی بۆ ئەو کۆمپانیایانەی لە نیشتەجێبوونەکانی ئیسرائیل کار دەکەن.
- هەڵپەساردنی ڕێککەوتنی بازرگانی و هاوبەشیی نێوان بەریتانیا و ئیسرائیل و نەخشەڕێگای 2030.
- دانپێدانان تەواوی فەڵەستین لە ڕێگەی دەنگدان بە ئەندامێتیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان ون پشتیوانیکردن لە داواکارییەکان بۆ ئەندامێتی لە ڕێکخراوە جیهانییەکانی دیکە وەک کۆمۆنوێڵس و ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی.
- جێبەجێکردنی سیستەمێکی یەکسانی ڤیزا بۆ هەر دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەڵەستین و ڕێگریکردن لە گەشتکردنی ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی بۆ نێو بەریتانیا.
- پشتیوانیی بەریتانیا بۆ گەڕانەوەی دیموکراسی، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە لە هەموو ئاستەکاندا، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا، کە لەلایەن دامەزراوە سەربەخۆکانی فەڵەستینەوە چاودێری بکرێت.
- پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی پاریسی لە ساڵی 1994 بۆ یارمەتیدانی فەڵەستین لە بەدەستهێنانی ئابووریی داهاتی باج لەلایەن ئیسرائیل.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە هەر یەکە لە بەریتانیا، کەنەدا و ئوسترالیا بە فەرمی ڕایانگەیاند لە سبەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دا دەنێن