وردبینی لە لیستی مووچەخۆران تەواو کرا

K24 - هەولێر

هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق، وردبینیان لە لیستی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان تەواو کرد و راپۆرتەکە بۆ هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق نێردراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، رۆژی سێشەممە 17/10/2023، هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق پرۆسەی وردبینیان لە لیستی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان تەواو کردووە و رۆژی چوارشەممە راپۆرتەکە بە واژۆی هەردوو دیوانی چاودێری، ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و ئەنجومەنی هەرێمی کوردستان کراوە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، لیژنەی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی لە رێگەی چوار تیمی هاوبەش وردبینیان لە لیستی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان کردووە.

وردبینی لە لیستی مووچەخۆران لە چوارچێوەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری تەواوی بۆ لیژنەکە کردبوو ئەمەش وایکرد لە ماوەیەکی نزیک پرۆسەی وردبینیەکە تەواو بکەن.