ئەزموونی شێوەکارێک بوو به ناونیشانی پێشانگاکەی

K24 - هەولێر

پێشانگایەکی تایبەتی شێوەکار بە ناونیشانی "ساڵانێک لە ئەزموونی سۆران ئیسماعیل" لە گەلەری میدیا کرایەوە.

لە پێشانگاکەدا 30 تابلۆی رەنگین، کە بە خامەی رەنگاوڕەنگی ئەم هونەرمەندە کێشراون نمایشکران و هەریەک لە تابلۆکانیش سەرگوزشتەی چیرۆکێکی غەمگین و ئازارێکی ژیان بوون، هەروەها بەشێکیش لە تابلۆکان گوزارشتیان لە عەشق و خۆشەویستی و خەونەکانی منداڵ بۆ ژیان دەکرد، جگە لە نمایشکردنی 5 تابلۆی جیاواز، کە ئەفسانەییە و له خەیاڵی ئەم هونەرمەندەدا گوزەریان کردووە و ئێستاش بوونەتە خامێک بۆ بەرهەمە هونەرییەکانی.

سۆران ئیسماعیل لە بەردەم پرسیاری کوردستان24ـدا گوتی: پێشانگاکەم کۆکراوەی ئەو تابلۆیانەیە، کە ساڵانێکە کارم لەسەر کردوون و قۆناغ بە قۆناغەکانی کارکردنم لە هونەری شێوەکاری خستووەتە روو، هەروەها بەشێکیش لەم تابلۆیانەی لەم پێشانگایەدا دەبینرێن، گێڕانەوەی چەند چیرۆکێکی راستەقینەن و بەبێ زمان گوزارشت لە ئازارەکانی ئەم گەلە دەکەن و هەندێکیش لە کارەکانم خەیاڵین و ئەوەی لە هزری مندا گەڵاڵە بووە بە فڵچەی رەنگاوڕەنگ کردوومەتە تابلۆی قەباره گەورە و بچووک.

گوتیشی: مەبەست لە کردنەوەی ئەم پێشانگایەدا نیشاندانی پێشکەوتنی هونەری شێوەکارییە لە رووی گۆڕانکارییەکانی فۆڕمی کارکردنم وەک شێوەکارێک و جیاوازی ستایلی کارکردنم لە ساڵانی پێشووتردا.

.
.
.