جەزائیر سزای لەسێدارەدانی بەسەر 38 تۆمەتباردا سەپاند

ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ دارستانه‌كانی جه‌زائیر
ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ دارستانه‌كانی جه‌زائیر

K24 - هەولێر

رۆژی دووشەممە، دادگای تێهەڵچوونەوەی تاوانەکان لە جەزائیر سزای لەسێدارەدانی بەسەر 38 تۆمەتباردا سەپاند، کە لە دۆسیەی جوداخوازان و ئاگرکەوتنەوەی ناوچەی قەبائیلەکاندا تێوەگلاون"، لەکاتێکدا سزای زیاتر لە 90 تۆمەتباری دیکە ماوە، کە سزاکە لە نێوان بێتاوانبوون یان 20 ساڵ زیندانیکردن لەگەڵ لەسێدارەدانە.

زۆرینەی تۆمەتباران نیازی خۆیان بۆ تۆمارکردنی تانە لە دادگای باڵا راگەیاند، بە بیانووی ئەوەی کە سزاکان توند بوون و دادگا بۆ سەلماندنی تۆمەتە تاوانکارییەکان پشتی بە بەڵگەی ماددی نەبەستووە، تۆمەتباران 10 رۆژیان لەبەردەمدایە بۆ پێشکەشکردنی ئەو تانانە و ئەگەر باڵاترین دەستەی دادوەری مەدەنی پەسەندی بکات، دادگاییکردنەکە دووبارە دەبێتەوە، بەڵام لە ئەگەری رەتکردنەوەدا بڕیارەکان دەبنە کۆتایی.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2022، دادگای بەرایی لە کۆی 102 تۆمەتبار سزای لە سێدارەدانی بەسەر49 تۆمەتباردا سەپاند، تۆمەتبارکردنەکەش بریتی بووە لە "ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی و تێکدەر کە ئاسایشی وڵات و یەکێتی نیشتمانی، سەقامگیری دامەزراوەکان و کارکردنی ئاسایییان کردووەتە ئامانج، هەروەها بڵاوکردنەوەی تیرۆر لەناو دانیشتووان و دروستکردنی کەشێکی ناسەقامگیر، لەڕێگەی دەستدرێژی ئەخلاقی و جەستەیی بۆ سەر خەڵک و مەترسی خستنە سەر ژیان و ئاسایشیان و زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵی خۆیان.

ئەم دۆسیەیەی ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ هاوینی ساڵی 2021، لە ناوچەی قەبائیل لە رۆژهەڵاتی پایتەخت، کە ئاگرێکی بەرفراوان کەوتەوە و بەهۆیەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و رووبەرێکی فراوانی کێڵگە و رووەکەکانیان لە ناوچەکە لەناوبردووە.

شۆکترین دیمەن لەو رووداوانەدا راکێشان و کوشتن و سووتاندنی تەرمی گەنجێکی تەمەن سی ساڵان بوو، بە ناوی جەمال بن سەماعین، کە لە شاری میلیانای رۆژئاوای پایتەختەوە هاتبوو بۆ ئەوەی یارمەتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بدات.

پۆلیس جەمالی لە یەکێک لە شارۆچکە قه‌به‌لییه‌كاندا دەستگیر کرد، بە گومانی ئەوەی کە بەرپرسیارە لە کەوتنەوەی ئاگرەکە، خەڵکی شارەکە کە ئەو هەواڵەیان بیست، بە تووڕەیییەوە چوون بۆ ناوەندی ئەمنی بۆ ئەوەی تۆڵەی لێبکەنەوە.

دواتر بن سەماعین لەناو ئۆتۆمبێلی پۆلیسەکەدا بوو، بەزۆر لە ئۆتۆمبێلەکە دەرهێنرا و بردیانە ناوەندی شارۆچکەکە، لەوێش بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی ئەو شارۆچکەیە بەشدارییان کرد لە راکێشان و کوشتنی جەمال بە چەقۆ، دواتریش تەرمەکەیان سووتاند، لەکاتێکدا ئەویش هەوڵی ئەوەی دەدا باوەڕیان پێبهێنێت کە ئەو دەستی لەو کارەدا نییە.

دواتر کەسایەتییە دیارەکانی شارۆچکەکە قەرەبووی دارایی گەورەی بنەماڵەی بن سەماعینیان کردەوە، وەک داوای لێبوردنێک بۆ ئەو كار و تاوانه‌ی گەنجەکانیان ئەنجامیان داوە.

پۆلیس لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەی ئەمنیدا، رایگەیاند: تۆمەتبارەکان لە دوو رێکخراوی دیاریکراو کە رەشادی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئۆتۆنۆمی خێڵەکی جوداخواز، بوون، رێنمایییان پێدەگەیشت، لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئەوان هاندەریان بوونه‌ بۆ ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەکەدا.

دوای کوشتنی بن سەماعین کە لە 11ـی ئابی 2021 ئەنجامیاندا، تۆمەتبارەکان لە کاتی دادگاییکردنەکەدا پەیوەندییان بەو دوو رێکخراوە رەتکردەوە کە چالاکییەکانیان قەدەغە کراوە.