زێلێنسکی جارێکی دیکە داوا لە ترەمپ دەکات مووشەکی تۆماهۆک بە ئۆکرانیا بدات

سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات, لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگیان کردووە لە بارەی کەرتی وزە و بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی و بابەتی مووشەکی تۆماهۆک. ڕووسیاش لەم بارەیەوە نیگەرانی خۆی ڕاگەیاندووە و ئاماژەی بەوە کردووە، پێدانی تۆماهۆک بە ئۆکرانیا جه‌نگه‌كه‌ قووڵتر دەکاتەوە.

یەکشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پۆستێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە سەر چەند پرسێکی گرنگ ڕێککەوتوون، لەوانە: بەرگریکردن لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەمان، زیادکردنی توانای بەرگریی ئاسمانی، هەروەها مووشەکەی دوورمەودا (تۆماهۆك).

ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی باسی لەوەش کردووە، بابەتی پەیوەندار بە کەرتی وزە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانیان بووه‌. گوتووشیه‌تی، ترەمپ بە وردی ئاگاداری هه‌موو ئەو شتانەیە کە ڕوو دەدەن.

ئۆکرانییەکان پێیان وایە ئەگەر وڵاته‌كه‌یان ببێتە خاوەنی ئەم مووشەکە،  ڕووسیا ناچار دەکات بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆکردن، بەڵام سەرچاوە ئۆکرانییەکان باسیان لەوە کردووە تاوه‌كوو ئێستا نازانن بڕیاری ئەمەریکا لە بارەی پێدانی تۆماهۆک بە ئۆکرانیا چی و چۆن دەبێت.

هاوكات ئەمڕۆ یەکشەممە کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) هۆشداری دا و ڕایگه‌یاند، ڕووسیا نیگەرانە لە بابەتی پێدانی مووشەکی تۆماهۆک بە ئۆکرانیا. گوتووشیه‌تی، ئەگەر ئەمە ڕوو بدات بێگومان بارودۆخەکە زیاتر قووڵ دەبێتەوە و ئاڵۆزی زیاتر لە ناوچەکە ڕوو دەدات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی، سەبارەت بەوەی کە ئایا بڕیاری داوە مووشەکی تۆماهۆک بۆ ئۆکرانیا بدات، گوتی: "بڕیاری لەسەر ئەو بابەتە داوە." ئاماژەی بەوەش کردبوو، دەیەوێت بزانم چییان لێدەکات و بۆ کوێیان ده‌نێرێت. "من دەبێت ئەو پرسیارە بکەم، چونکە بەدوای پەرەسەندنی ئەو شەڕەدا ناگەڕێم".

مووشەکی تۆماهۆک مەودای 2,500 کیلۆمەتر دەبڕێت، ئەمەش واتای ئەوەیە ئەگەر ئۆکرانیا ئەو مووشەکانە بەدەست بهێنێت، مۆسكۆ و تەواوی بەشە ئەورووپییەکەی ڕووسیا دەبنە ئامانج.

مووشەکی تۆماهۆک لە ساڵی 1983 دوای ماوەیەکی زۆر لە تاقیکردنەوە هاتە خزمەتی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا. چوار دیزاینی مووشەکی تۆماهۆک هەیە، کە یەکێکیان بە کڵاوەی ئەتۆمی و یەکێکی دیکەشیان بە کڵاوەی ئاسایی و دروست کراون و ئەوانیدیکەش جۆرێکیان لە زەوییەوە هەڵدەدرێت و ئەوی دیکەش لە ژێردەریادا.

مووشەکی تۆماهۆک، کەشوهەوا کاری لێناکات و دوورهاوێژە، بۆ پێکانی مەودای دوور بەکاردێت، قەبارەی بچووکە و به‌ ئاسانی ناتوانرێت ئاشكرا بكرێت.

ئەم مووشەکە سیستمی ڕووپێوی تۆپۆگرافی لە ڕێگای ئامێری AN/DPW-23 بەکار دەهێنێت. سیستەمێکی دیکەی وێنەیی بۆ ئەم مووشەکە دانراوە، کە وێنەی تۆپۆگرافیا ئەپلۆد دەکات و بەراوردی دەکات لەگەڵ ئەو وێنەیەی، کە لە کۆمپیتەری تایبەت بە مووشەکەکەیە، بەمەش دیقەکەی بۆ 10 مەتر زیاد دەکات بۆ شوێنی نیشانەکە. لە ساڵی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه‌ پەرەی پێدراوە و تاوەکوو ئێستا 9 جۆر لەم مووشەکە هەیە.

 
Fly Erbil Advertisment