شاسوار عەبدولواحید لەسەر فێڵکردن دەدرێتە دادگا

دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی دوو، دۆسیەی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێی ئاراستە دادگای کەتنی سلێمانی یەک کردووە بۆ دادگاییکردن.
ئەم دۆسیەی لەسەر شاسوار عەبدولواحید جووڵێنراوه، بە گوێرەی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقییە، کە پەیوەستە فێڵکردن لە خەڵک. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ماڵپەڕی کوردستان24 کەتووە، ئەگەری هەیە مانگی داهاتوو شاسوار دادگایی بکرێت.
دۆسیەی فێڵکردنی شاسوار عەبدولواحید بۆ ساڵی 2021 دەگەڕێتەوە، کە لەلایەن هاووڵاتییەک تۆمار کراوە و بڕیارە دادگاییکردنەکەی لە دادگای کەتنی سلێمانی یەک بەڕێوە بچێت.
شاسوار عەبدولواحید، لە شەوی 12ـی ئابی 2025، لەسەر سکاڵای شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان بە تۆمەتی "ناوزڕاندن و هەڕەشەکردن" دەستگیر کراوە. پێشووتریش چەندین جار سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ بەردەم دادگا بانگهێشت کراوە، بەڵام ئامادە نەبووە، بۆیە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووبوو.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2025، لە بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردنی دووی سلێمانی سەر بە وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 60 موڵکی ناو پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاند لە شاری سلێمانی، لە ڕێگەی زیادکردنێکی ئاشکرا، بە بڕی زیاتر لە 91 ملیار دینار فرۆشران.
سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، هاوڕێ بەختیار، بەڕێوبەری پشکنینی باج لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی باجەکان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: پڕۆژەی چاڤیلاند لە ساڵی 2013 کرایەوە و بۆ ماوەی 10 ساڵ وەکوو هەموو پڕۆژەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان لە پێدانی باج بە حکوومەت بەخشرا، بەڵام لە دوای ساڵی 2023 دەبوو داهاتی ساڵانەی پڕۆژەکە و باجی حکوومەت لەکاتی خۆیدا ڕادەست بکرێت، بەڵام خاوەنەکەی هەر ڕادەستی نەکرد.