ناتانیاهۆ باس له‌ سه‌ركه‌وتن ده‌كات و كه‌سوكاری بارمته‌كانیش ڕەخنەی لێ دەگرن

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دانی بە ناکۆکییەکانی ناوخۆدا نا و ڕایگەیاند، هەرچەندە لە نێو خۆدا ناکۆکیمان زۆرە، بەڵام دەبێت لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ناکۆکییەکان وەلا بنێین.

یەکشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە هێنانەوەی ده‌قێكی ئینجیل، گوتی: "ئەمە ئێوارەیەکی پڕ لە هەستە و فرمێسک و خۆشییە، چونکە سبەی منداڵەکانمان دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەمان." دەشڵێت: "سبەی دەستپێکی ڕێگایەکی نوێیە، ئەوەیش ڕێگای ئاوەدانکردنەوە و ئاشتبوونه‌وه‌یه‌، هیوادارم، بەم ڕێگایە دڵەکان یەک بگرنەوە."

ناتانیاهۆ هەروەها گوتیشی: دەزانم لە نێوخۆدا ناکۆکیمان زۆرە، بەڵام لە ڕۆژێکی ئاوادا هەموو ناکۆکییەکان وەلاوه‌ بنێین، چونکە پێکەوە سەرکەوتنی گەورەمان بەدەست هێناوە، سەرکەوتنێک کە هەموو جیهانی سەرسام کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا هێشتا شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕوونیشی کردەوە، هێشتا ئاستەنگی زۆری ئەمنی گەورەیان لە بەردەمدایە، هەندێک لە دوژمنەکانیان هەوڵ دەدەن هێزی خۆیان بەدەست بهێننەوە بۆ ئەوەی دووبارە هێرش بکەنە سەریان.

هاوکات هەندێک لە خێزانی ئەو بارمتانەی کە لە لایەن حەماسەوە لە غەززە دەستبەسەرکراون، ڕەخنەیان لە ناتانیاهۆ گرتووە بەهۆی ئەوەی گوایە سەرکەوتنی سەربازی لە پێش ئازادکردنی ئەوانەوە داناوە.

ڕۆژی شەممە، کاتێک ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبەردەم کەسوکاری بارمتەکان، ستایشی ناتانیاهۆی کرد، کەسوکاری بارمتەکان قسەکانیان پێی بڕی و دروشمی دژی ناتانیاهۆیان گوتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەی دووشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، شرم شێخی میسر، لووتکەی نێودەوڵەتیی ئاگربەستی غەززەی لەنێوان ئیسرائیل و حەماس بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرۆکی وڵات و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە بچێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment