سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان: دەبێت بە یەکگرتوویی رووبەڕووی هەڕەشەکان ببینەوە

کاوە مەحموود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان
کاوە مەحموود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان

K24 – هەولێر:

سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، ئەو مەترسییانەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەن لە مەترسییەکانی سەر غەززە زیاترن. هاوکات گوتیشی: دەبێت بە یەکگرتوویی رووبەڕووی هەڕەشەکان ببینەوە.

کاوە مەحموود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم هەڕەشەیەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە بە تایبەتی غەززە، کارتێکردنی خۆی و لێکەوتەکانی لەسەر هەموو ئەم ناوچەیە هەیە.

سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، ئەو مەترسییانەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەن لەمەترسییەکانی سەر غەززە زیاترن، "بەهۆی ئەوەی ئێمە لە ئێستادا پەرەلەمانمان نەماوە، ئەنجوومەنی پارێزگاکانمان هەڵوەشاوەتەوە لەلایەن دادگای فیدراڵی، ئەو فشارەی کرا لەسەر پرسی فرۆشتنی نەوت، هەروەها لە پرسی بودجە و مووچەش یاری بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەمانە هەموو هەڕەشەیە لەسەر هەرێمی کوردستان".

کاوە مەحموود، دەڵێت: دەبێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، هەروەها ئەم هەڕەشانەی کە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە بە خۆڕادەستکردن بۆ بەغدا، تاران و ئەنقەرە چارەسەر نابێت، دوورخستنەوەی ئەم هەڕەشانەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی رەخنەگرانە هەیە و، پێویستی بە دیالۆگێکی نیشتمانی هەیە.

سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، هەر لایەنێکی سیاسی لە کوردستان ئاراستەکە و بانگەشەکەی بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بێت، بۆ گوێگرتن لەیەکتر بێت، "من پێم وایە ئاراستەیەکی راستە، ئەبێت هەموومان پشتگیری هەر ئاراستەیەک بکەین لە هەر لایەنێکی سیاسیەوە بێت بۆ ئەم مەبەستە و پێویستە بە شێوەیەکی ئەرێنی هەڵسەگاندنی بۆ بکەین، بەڵام گرنگە زەمینەی بۆ سازبکرێت".

کاوە مەحموود، گوتیشی: "تێپەڕاندنی ئەم دۆخە بە تاکە حزبێک ناکرێت، پێویستە هەموو حزبە سیاسییەکان لەپێناو ئاییندەی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن، هەروەها دەبێت بە یەکگرتوویی رووبەڕووی هەڕەشەکان ببینەوە".