هەولێر و بەغدا رێگری لە سپیکردنەوەی پارە دەکەن

K24 - هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ سەقامگیرکردنی نرخی دیناری عێراقی و رێگری کردن لە دیاردەی سپیکردنەوەی پارە هەڵمەتێکی داخستنی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراویان دەستپێکردوە، کە پابەند نین بە یاسا و رێنماییەکان.

چەند نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لەناو بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داخراون. وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر ئاماژە بەوەدەکات، جیا لەم نووسینگانە چەند شوێنی دیکەش لە شەقامەکانی رووناکی و بەختیاری هەولێر داخراون، جیا لە داخستنی ئەو نووسینگانە دەبێ هەنگاوی دیکەش بنرێ  بۆ بنبڕکردنی ئەو دیاردەیە.

کەیفی خۆشناو، وتەبێژی بازاڕی دراو لە هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "دەبێ بازگەکان توندتر بکرێن و رێگە نەدرێت دۆلار ببرێتە دەرەوە و دینار لە مووسڵ و بەغداوە بهێنرێتە هەرێمی کوردستان، چونکە ئەمە هۆکارە بۆ ناسەقامگیری ئابووری".

گوتیشی: "بەشێک لە هاووڵاتییانی بە رەگەز عەرەب، رۆژانە لە بازاڕەکانی کوردستان دۆلار دەکڕن و دینار دەفرۆشن، دەبێ رێگری لەوانە بکرێت".

سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان، بە ئاماژەکردن بە یاساکانی تایبەت بۆ رێگری کردن لە سپیکردنەوەی پارە لە کوردستان دەڵێ: کابینەی نۆیەم رێنمایی تایبەتی هەیە بۆ ئەو جۆرە گەندەڵییە.

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ی گوت: "سپیکردنەوەی پارە یەکێکە لە تاوانەکان، رەنگە زۆرتر چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر بێت، چونکە ئەو تاوانە تەنیا لەناو خۆدا روونادات، بۆ نموونە وەبەرهێنەرێک کە پڕۆژە ئەنجام دەدات دەتوانێ ئەو تاوانەش بکات، بۆیە دەبێ سەرچاوەی پارەکانیان بزانرێت".

دەشڵێت: "چۆن تاوان هەیە دەبێ رووبەڕووبوونەوەشی هەبێت، ئەو رێکارانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش جێبەجێ دەکرێن سەبارەت بە سیستەمی بانکی، لە داهاتوودا ئەنجامی باشی دەبێت بۆ رێگری کردن لە سپیکردنەوەی پارە".