حەسەن هەیاس: هەموو مانگێگ گۆرانیەكی نوێ بڵاودەكەمەوە

K24 - هەولێر

هونەرمەند حەسەن هەیاس، ماوەی چل ساڵە خزمەتی هونەری كوردی دەكات، یەكێكە ئەو لەو هونەرمەندانەی خاوەنی دەنگێكی تایبەت بەخۆیەتی و دەڵێت، نوێترین كاری هونەریم گۆرانیەكە بۆ (باوك) بەمزووانە بڵاودەبێتەوە ئاوازی خۆمە و هۆنراوەی (نەبەز) رۆژهەڵاتیە، حەسەن هەیاس لەم دیدارەدا بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی "كوردستان24"ی دایەوە.

كوردستان24:لەئێستادا چی كارێكی نوێی هونەریت بەدەستەوەیە؟

حەسەن هەیاس: هەتا ئەمساڵیش واتا 2023، هەموو مانگێك گۆرانیەكی نوێی خۆم لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو دەكەمەوە بەردەوامیش دەبم.

كوردستان24: گۆرانی لای تۆ چی دەگەیەنێت؟

حەسەن هەیاس: گەیاندنی پەیامێك جا ئەم پەیامە سیاسی بێت یان نیشتمانی بێت یان خۆشەویستی بێت هەتا دوایی.

كوردستان24: تا چەند رازیت لە گوتنەوەی گۆرانیەكانت لەلایەن كەسانێكەوە؟  

حەسەن هەیاس: هەتا ڕادەیەك لە گوتنەوەی گۆرانیەكانم رازیم لە لایەن هونەرمەندانەوە هەرچەندە هەندێكیان باش گۆرانیەكانم دەڵێنەوە هەندێكیشیان باش نایڵێنەوە.

كوردستان24: بە گۆرانی (چەبیدی چەكردی) ناوبانگت دەرکرد کەمێک باسی ئەو گۆرانیەمان بۆ بكە؟

حەسەن هەیاس: چیرۆكی ئەم گۆرانیەم بۆ ژیانی هاوڕێیەكم دەگەڕێتەوە، كە لە ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا كچێكی خۆش دەویست، بەڵام تەگەرەی زۆریان هاتە رێگا و بەیەك نەگەشتن ئەوەبو هاوڕێكەم ئۆتۆمبیل لێیداو هەر بەیەك نەگەشتن ئەوە بوو، تەواو كاریگەری لەسەرم دانا و  بووە هەوێنی گوتنی ئەو گۆرانیە.

كوردستان24:  گۆرانیەكانت باش چونە ناو جەماوەرەوە ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

حەسەن هەیاس: هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەراستگۆیی و بەهەستەوە و رەسەنانە و كوردانە گوزارشتم لە ناخی خۆم و خەمی كۆمەڵگاكەم كردووە، بۆیە گۆرانیەكانم چوونەتە دڵی خەڵكەوە.

كوردستان24: ئاواز و هۆنراوەت بۆ چەند لە گۆرانیەكانی خۆت داناوە؟

حەسەن هەیاس: ئاوازم بۆ هەموو گۆرانیەكانی خۆم داناوە لەگەڵ هۆنراوەكانم، بەڵام لەم ساڵانەی دوایی دا زیاتر لە 10 ئاوازم لە هۆنراوەی شاعیری رۆژهەڵات سەید نوح عینایەتیە ناسراو بە (نەبەز) تۆماركراوە.

كوردستان24: كام لە گۆرانییەكانت زۆر تایبەت بوون بە ژیانی خۆت؟

حەسەن هەیاس: گۆرانی (ئەی چەند گرفتاریی تۆم) گۆرانی (ئەی خوا بۆ ناچێتە سەر) ئەم دوو گۆرانیە زۆر گوزارشت لەژیانی خۆم دەكەن تایبەتن بەژیانی خۆم وەك ئەوەی بۆ خۆمم گوتبێت.

كوردستان24: منداڵەكانت تاچەند ئارەزووی ئەوە دەكەن ببنە هونەرمەند؟

حەسەن هەیاس: دوو منداڵەكەم تا ئێستا ئارەزووی گوتنی گۆرانی ناكەن، نایانەوێت ببنە هونەرمەند مەگەر پاش مەرگم ئەوكات ببنە هونەرمەند ئەوەیان نازانم.

كوردستان24: گۆرانیەکت بۆ باوكت تۆماركردووە كەی بڵاو دەبێتەوە؟

حەسەن هەیاس: بەڵێ گۆرانی باوكم تۆماركردووە لە ئاوازی خۆمە و هۆنراوەی نەبەزە، بەمزووانە بڵاوی دەكەمەوە.

كوردستان24: چی شتێك دەتگریێنێت؟

حەسەن هەیاس: زۆرشت لە كۆمەڵگەكەمدا دەمگرێنێت، كاتێكیش دەگریم زۆر دەگریم زۆر خەفەت دەخۆم، ئەوەش هەستی ناخمە بە گریان دەریدەبڕم.

كوردستان: خاوەنی چەند گۆرانی خۆتی هەتا ئێستا؟

حەسەن هەیاس: خاوەنی زیاتر لە حەفتا گۆرانیم، بە خۆشحاڵیەوە هەندێكیان لەو گۆرانیانە بونەتە وێردی سەر زمانی هونەرمەندان گۆرانیەكانم دەڵێنەوە ئەمەش جێگەی خۆشحاڵیە بۆ من.

كوردستان24: بیری كام هونەرمەند دەكەیت کە لەژیاندا نەماوە؟

حەسەن هەیاس: زۆرن ئەو هونەرمەندانەی لە ژیاندا نەماون و بە ئاواز و ڕەسەنایەتیان لەگەڵمدان و بیریان دەكەم نامەوێت ناویان بهێنم، چونكە ژمارەیان زۆرە.

كوردستان24: ماوەی چەند ساڵە كاری هونەری دەكەیت؟

حەسەن هەیاس: ماوەی 40 ساڵە كاری هونەری دەكەم و دەستم كردووە بە گۆرانی گوتن، یەكەم ئەلبوومی گۆرانیم لە ساڵی 1989 بڵاوكردووەتەوە، بۆ خۆشم لە دایكبووی سەرەتای ساڵانی شەستەكانم.

كوردستان24: چی بە هونەرمەندانی نوێ دەڵێیت؟

حەسەن هەیاس: بە هونەرمەندانی جیلی نوێ دەڵێم زیاتر بایەخ و گرنگی لەگۆرانیەكانیاندا بەڕەسانایەتی بدەن و كلتور و گۆرانی كوردی لەبیرنەكەن.

Fly Erbil Advertisment